نوستن قۆناغێكی گرنگی ژیانی مرۆڤە و ئەو مرۆڤەی خەوێكی باش و قووڵی هەبێت، تەندروستییەكی باسی هەیە و بە پێچەوانەوە، هەندێك كەس هەن لە ژوورێكی زۆر رووناك و لەژێر شەوقی گڵۆپ دەخەون، توێژینەوەیەك وریایی لەو جۆرە نوستنە دەدات بەوەی مەترسیی تووشبوون بە كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن زیاتر دەكات.
	
توێژینەوە ئوسترالییەكە ئاماژە دەكات كە نوستن لەژێر رووناكی بەهێز مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن زۆر زیاد دەكات، توێژەران چاودێریی زانیارییەكانی زیاتر لە 89 هەزار كەسیان لە ماوەی نۆ ساڵ كرد، داتای 19 ملیۆن سەعاتی ئەوانیان لە كاتی نوستنیان لە نێوان نیوەی شەو تا سەعات شەشی بەیانی لە رێگەی ئامێرەكان تۆمار كرد. 
	
ئەنجامەكان دەریان خست ئەو كەسانەی لەژێر رووناكی و گڵۆپی زۆر بەهێز دەخەون، مەترسیی تووشبوونیان بە پەككەوتنی دڵ بە رێژەی 56% و نەخۆشی خوێنبەری تاجی بە رێژەی 32% و سەكتەی مێشك بە رێژەی 28% و نۆرەی دڵ بە رێژەی 47% و لەرزینی گوێچكۆڵەی چەپی دڵ  بە رێژەی 32% زیاد دەكات.
 
	
د. دانیال ویندرید لە تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، لە توێژینەوەكە دەركەوت پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان ئەو جۆرە نوستنە و ئەو نەخۆشییانە هەیە، بەڵام هۆكارە راستەوخۆكان دیار نین، بۆیە شارەزایان رێنوێنیی كەمكردنەوەی بەركەوتنی رووناكی بەر لە نوستن دەدەن، هەروەها دووركەوتنەوە لە شاشەكان و كوژاندنەوەی گڵۆپی زیاد لە ماوەی چوار سەعات بەر لە نوستن، لە كاتی نوستنیش پێویستە ژینگەیەكی تەواو تاریك فەراهەم بكرێت بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پێوەندیدار بە رووناكیی شەوانە.