رەنگە زۆر كەس لەبەر هۆكاری جیاواز درەنگی شەوانە چەند جارێك خەبەریان بێتەوە و بە زەحمەت دەگەڕێنەوە خەو، ئەگەر ئەو حاڵەتە دووبارە بووەوە پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، چونكە ئاماژەیە بۆ بوونی كێشەی تەندروستی و نابێت پشتگوێ بخرێت.
رۆژنامەی
"دەیلی تەلەگراف"، ئاماژە دەكات، پزیشكان دەڵێن، خەبەرهاتنەوەی شەوانە لای زۆر كەس هەیە، بەڵام دووبارەبوونەوەی مایەی نیگەرانییە، زۆر جار خەڵك بێ بوونی هیچ كێشەیەك دەخەون، بەڵام لە نیوەی شەو بە لێدانێكی خێرای دڵ و چالاكییەكی زۆری مێشكیان خەبەریان دێتەوە و ناتوانن بە ئاسانی بخەونەوە.
د. ئیریك بێرگ ئاماژە دەكات، پێویستە ئەو كەسانە پێوەندی بە پزیشكەوە بكەن، دەبێت لە كاتی نوستن هۆرمۆنەكانی لەش لە نزمترین ئاستدا بن، هەر كێشەیەك لەوان ئاماژە بۆ كێشەیەكی مەترسیداری تەنددروستی دەكات، كۆرتیزۆل هۆرمۆنی سەرەكی بەرپرسە لە رارایی لە لەش، دەبێتلە كاتی خەو و لە ناوەڕاستی شەو ئاستەكەی كەم بێت، بۆ ئەوەی مێشك بتوانێن بچێتە قۆناغی خەوی قووڵ و جووڵەی خێرای چاو، بۆیە ئەگەر لەو سەعاتە ئاستی هۆرمۆنەكە بەرز بێت، ئاماژە بۆ خەبەرهاتنەوە بە لەش دەدات.
بۆیە وەك پزیشك و شارەزایانی تەندروستی ئاماژەی بۆ دەكەن بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل رەنگە ببێتە هۆی شێوانی خەوی قووڵ و ئەو كەسە لە ناو خەوندا خەبەتری دەبێتەوە و ناتوانێت بە ئاسانی بخەوێتەوە یان خەوی پچڕ پچڕ دەبێت و رۆژەكەیان بە شەكەتی بەڕێ دەكەن.
هۆرمۆنی كۆرتیزۆل یەكێكە لە هۆرمۆنە سەرەكییەكانی لەش كە پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی كارەكانی بە سروشتی دەكات و رۆڵی سەرەكی مامەڵەكردنە لەگەڵ شەكەتی، پەستانی خوێن رێك دەخات و هەوكردن كەم دەكاتەوە، لە نیوەی شەو و لە خەودا ئاستەكەی دەگاتە نزمترین بۆ ئەوەی لەش بحەسێتەوە، خۆی لە حاڵەتی ئاسایی بە رۆژ لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی دۆخێكی نائاسایی جەستەیی و سۆزداری ئاستەكەی بەرز دەبێتەوە و وزە بە لەش دەدات، یان لە كاتی نەخۆشیدا، بەڵام مانەوەی بۆ كاتێكی زۆر بە بەرزی بە هۆی راراییەوە، یان بەهۆی هەندێك دەرمانەوە، كێشی لەش زیاد دەكات و دەموچاو خڕ دەبێت و پەلەكان لاواز دەبن مل ئەستوور دەبێت پەڵە لەسەر پێست دەردەكەوێت و ماسولكەكان لاواز دەبن.