دڵ و مێشك دوو ئەندامی سەرەكیی لەش مرۆڤن و هەموو ئەندامەكانی تر بەوانە و چالاكی و كار و تەندروستیان بەستراونەتەوە، ئەوانە تەندروست بن، مرۆڤ تەندروستە و دەتوانێت بەسەر كێشەكانی زاڵ ببێت، توێژینەوەیەكی نوێی زانستی باسی چەند نیشانەیەكی پێشوەختە دەكات بەر لە تووشبوون بە سەكتەی مێشك و نۆرەی دڵ كە گرنگە مرۆڤ ئاشنایان بێت.
وەك رۆژنامەی
"ئیندیپێندنت"ی بەریتانی باسی كردووە، پزیشكان چەند نیشانەیەكیان بۆ دەركەوتووە پێش تووشبوون بە سەكتەی مێشك و نۆرەی دڵ بەدیار دەكەون، ئەوانیش بەرزیی پەستانی خوێن و رێژەی كۆلیسترۆڵ و گلوكۆز یان شەكری خوێن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو كەسە جگەرەكێش بێت.
توێژینەوەیەكی نوێ باسی هەمان ئەو نیشانانە دەكات كە لەو كەسانە بەدیار دەكەوێت كە مەترسیی تووشبوونیان بە نۆرەی دڵ و سەكتەی مێشك هەیە، پەستانی خوێنیان بەرزە و رێژەی كۆلیسرۆل و شەكرەی خوێنیان بەرزە و جگەرەكێشن، واتە پەستانی خوێنیان لە سەرووی 80/120 ملم جیوەیە ئاستی كۆلیسترۆلیان لە 200 ملیگرام/ دیسیلیتر زیاترە و ئاستی شەكری خوێنیان لە خورینی لە سەرووی 100 ملیگرام/ دیسیلیترە و تووشبووی نەخۆشی شەكرەن.
وەك توێژەران دەڵێن، ئەو ئاستە مەترسیدارەی وەك نیشانەی پێشوەختەی تووشبوون بە سەكتەی مێشك و نۆرەی دڵ كە باسی دەكرێت بریتییە لە پەستانی بەرزی خوێن بگاتە سەرووی 90/140 ملیم جیوە و ئاستی كۆلیسترۆل بگاتە سەرووی 240 میلیگرام/ دیسیلیتر و ئاستی شەكرەش لە خورینی بگاتە سەرووی 126 میلیگرام/ دیسیلیتر و جگەرەش بكێشێت.