ئێستە زۆرینەی مادە خۆراكییەكان وادەی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونیان لەسەر نووسراوە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت بۆچی نابێت ئەو جۆرە خۆراكانە یان میوە و سەوزەی گەنیو بخورێت؟، شارەزایان ئاماژە دەكەن زیانێكی گەورەیان بۆ تەندروستی هەیە، چونكە جیا لە دروستكردنی كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس، مرۆڤ تووشی نەخۆشی مەترسیدار دەكەن.
لە هەندێك
خۆراكی رووەكی وەك دانەوێڵە و چەرەزات، هۆكاری سەركیی تێكچوونی ئەوانە كەڕووە، كە چەند جۆرێكی وەك " Aspergillus flavus " و " A. parasiticus "، ژەهری ئەفلاتۆكسین بەرهەم دێنن، كە ئەوەش بازدان لە ترشی ناوەكۆ دروست دەكات و مرۆڤ تووشی ریشاڵبوون یان شێرپەنجەی جگەر دەكات، هەروەها كەڕووی " Fusarium "، كە لە دانەوێڵەی وەك گەنم و جۆ و گەنمەشامی و كونجی دەدات، ژەهری تریكۆسسین و فۆمۆنسین دروست دەكات، كە كۆئەندامی هەرس دەرووژێنێت و لەسەر ئاستێكی درێژخایەن كار لە جگەر و گورچیلە دەكات، لە نیشاكانی تێكچوونی دانەویڵەش گۆڕانی رەنگ و بچووكبوونەوە و بۆنی كەڕووە، دەبێت ئەو جۆرە دانەوێڵانە لەناو ببرێن.
هەرچی میوەیە ئەویش كەڕوو لێی دەدات، لەوانە كەڕووی " Penicillium expansum "، كە تووشی سێو و هەرمێ و گێلاس و خۆخ و هیتریش دەبێت، ژەهری باتۆلین دروست دەكات كە زیان بە ئەنزیمە سەرەكییەكانی لەش دەگەیەنێت و گەردیلەی زیانبەخش بەرهەم دێنێت كە زیان بە ترشی ناوەكی و پرۆتین و چەوری دەگەیەنێت، گرنگە ئەوە بزانرێت ئەگەر میوەیەك كەڕوودار بوو، پێویستە تەواوی میوەكە فڕێ بدرێت، بەتایبەتی ئەگەر فرێش بێت.
هەرچی پەنیرە، لە هەندێك جۆری كەڕووەكە تامێكی جیاوازی پێ دەبەخشێت و كێشەی نییە، بەڵام ئەگەر رەنگەكەی سەوزێكی كاڵ یان سوور بوو، ئەوانە ژەهری وەك ترشی سیكلۆبیازۆنیك دروست دەكەن و رێگری لە گەیشتنی كالیسیۆم بۆ لەش دەكەن، بۆیە ئەگەر پەنیر كەڕوودار بوو، خۆتی لێ رزگار بكە، سەبارەت بە گۆشت، بەهۆی بەكتریاوە تێك دەچێت، رەنگ و بۆن و شێوەی دەگۆڕێت، بەكتریاكان ژەهر دروست دەكەن و ئەوەش كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس دروست دەكات و هەستە دەمارەكان تا مردن لەناو دەبات، راستە كوڵان بەكتریا لەناو دەبات، بەڵام ژەهرەكەی بەرگەی گەرمی دەگرێت.