زۆرن ئەوانەی ئاوی تەماتە وێڕای تێكچوونی بە كەڕوو، بە لابردنی كەڕووەكە بەكاری دێننەوە، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدەن، ئاوی تەماتە یان هەر میوەیەك كاتێك بەشێكی كەڕوو لێی دەدات، نابێ بە لابردنی كەڕووەكە، جارێكی تر بەكار بێتەوە، چونكە مەترسیی زۆر رژدی هەیە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم سێی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، كەم نین ئەوانەی كاتێك ئاوی تەماتە یان هەر میوەیەك كەڕوو لە بەشێكی بدات، كەڕووەكە فڕێ دەدەن و ئەویتر دەمێنێتەوە بەكاری دێنن، ئەوەیش وەك پسپۆرانی بواری خۆراك هۆشداریی دەدەن، پێویستە تەواوی ئاوی تەماتەكە یان میوەكە فڕێ بدرێت، چونكە بەكارهێنانی مەترسیی رژدی لەسەر گیان هەیە و ئەو مادەیە بەكتریای زیانبەخشی لە خۆ گرتووە.
پسپۆران دەڵێن، تێكچوونی ئاوی تەماتە یان میوە بە كەڕوو، مادەیەكی كیمیایی ژەهراوی لەخۆ دەگرێت كە پێی دەگوترێ "میكۆتوكسینات"، ئەو مادەیەش مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەكات و ئەگەری هەیە بگاتە ئاستی مردنیش، ئەویش بەپێی تەمەن و ئاستی دۆخی تەندروستیی كەسەكە، كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت.
باس لەوە دەكەن كاتێك كەسێك ئاوی تەماتە یان میوەی تێكچوو بە كەڕوو بەكار دەهێنێت، تووشی ژەهراوی دەبێت و بەو ژەهراوییەیش كەسەكە تووشی سكچوون دەبێت یان ئەگەری زۆرە كاریگەرییەكەی بگاتە جگەریش، ئەویش دەمێنێتەوە ئەو ئاستە میكۆتوكسیناتەی دەچێتە جەستە، بەشێوەیەكی گشتی كەسەكە تووشی لاوازبوونی بەرگریی جەستەی دەكات.
دواتریش پسپۆران هۆشدایی رژد دەدەن كە بەهیچ شێوەیەك نابێ ئەگەر ئاوی تەماتە یان هەر میوەیەك بەشێكی تێكچوو و كەڕووی لێ دابێت، بە لێكردنەوەی كەڕووەكە، خۆراكەكە پاك نابێتەوە، بەڵكو تەواوی خۆراكەكە ژەهراوی دەبێت و بە بەكارهێنانی، مرۆڤ دووچاری مەترسییەكی رژدی گیان دەبێتەوە.