جۆ بكرێتە جێگرەوەی برنج سوودی زۆرتان پێ دەگەیەنێت

:: PM:04:24:04/11/2025 ‌
دەزگایەكی تایبەت بە خۆراك لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا پێی وایە، جۆ باشترین جێگرەوەی برنجە و زۆر زیاتر سوودی بە تەندروستی دەگەیەنێت، بەتایبەتی ئەو ریشاڵەی لە جۆدا هەیە، زۆر زیاتر لە ریشاڵی برنج.

پێگەی ئەلیكترۆنیی "جەزیرە" بۆچوونی ئەو دەزگایەیلە ئەڵمانیا بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە 100 گرام برنجی سپی، 1.5 ریشاڵی تێدایە، لە كاتێكدا هەمان بڕ لە جۆ، 4.6 گرام ریشاڵ لەخۆ دەگرێت، واتە ریشاڵی جۆ سێ بارتەقای ریشاڵی برنجە. بۆیە دەزگاكە دووپاتی دەكاتەوە كە جۆ باشترین جێگرەوەی برنجە لە ڕووی تەندروستییەوە و هی ئەوەیە بایەخی پێ بدرێت.

لەبارەی سوودی ئەو ریشاڵەی لە جۆدا هەیە باس لەوە دەكرێت، لە خواردنی جۆدا جا بە ئارد بێت یان بكرێتە شۆربا، زۆرترین كات بە تێری دەتانهێڵێتەوە. هەروەها ریشاڵی جۆ بۆ ئەركی هەرس زۆر باشترە لە برنج و ریخۆڵەكان چالاكتر دەكات. هەروەها ئەو ریشاڵە لە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمار و شێرپەنجەی قۆلۆن دوورتان دەخاتەوە.

زۆر رێگە هەن بۆ ئامادەكردنی جۆ بۆ خواردن، جا دەكرێتە ئارد یاخۆ بۆ چێشت و شۆربا بەكار دەهێنرێت، لە هەر حاڵەتێكدا بێت، مرۆڤ هەمان سوودی تەندروستیی لێ دەبینێت. بۆ نموونە دەتوانرێ لێنانی بەهەمانشێوەی برنج، جۆیش ئامادە بكرێت، هاوكات ئەگەر بكرێتە ئارد و بكرێتە نان، بەهەمانشێوە سوودەكانی دەگات. 
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د