بۆچی لە كاتی نۆرەی دڵ باسكی چەپ ئازاری دەبێت؟

:: PM:08:03:06/11/2025 ‌

رەنگە ئازاری سینگ بڵاوترین نیشانەكانی تووشبوون بە نۆرەی دڵ بێت، بەڵام هاوكات تووشبووانی نۆرەی دڵ هەست بە ئازار یان قورسبوون و مێروولەكردنی باسكی چەپیان دەكەن، ئەو ئازارەش هەرەمەكی نییە و ئاماژەیەكی گرنگی بایۆلۆجییە و یارمەتی ئاشكراكردنی زووی كێشەكە دەدات.

توێژینەوەیەك دەری خست كە 41%ی نەخۆشانی نۆرەی دڵ، ئاماژەیان بۆ ئازاری باسكی چەپ و 47%یان بۆ ئازاری شانی چەپیان كردووە، ئەو ئازارەش لە حاڵەتی تووشبوون بە پەككەوتنی ماسولكەی دڵ زۆر زیاد دەكات، ئازاری باسكی چەپ بەهۆی ئەو پێوەندی و تێكەڵیی هەستە دەمارییەیە لە نێوان دڵ و باسكی چەپدا هەیە، كاتێك دڵ بەدەست كەمیی ئۆكسجین بەهۆی داخرانی خوێنبەری تاجییەوە دەناڵێنێت، هەستە دەمارەكان ئاماژەی بەهاناچوون رەوانە دەكەن، بۆیە بەهۆی ئەو تێكەڵییەوە ئازارەكە دەگاتە باسك و شان، لێرەدا مێشك سەرچاوەی ئازارەكەی لێ تێكەڵ دەبێت و كەسەكە لە بری سینگی هەست بە ئازاری باسكی چەپی دەكات.  

هۆكاری ئەوەشی لای چەپ ئازاری دەبێت، ئەوەیە دڵ كەوتووەتە لای چەپی سینگ، بۆیە داخرانی خوێنبەرەكانی دڵ، دەكرێ ئازارێكی توندی باسك و شان و شەویلاكی چەپ دروست بكەن، بۆیەش پزیشكان لە كاتی نۆرەی دڵ ئازاری باسكی چەپ بە یەكێك لە زیاترین نیشانەكان لە رووی وریاكردنەوە و مەترسیداری حسێب دەكەن، بەتایبەتی ئەگەر نیشانەی تری لەگەڵدا بێت وەك هەناسەتەنگی و ئارەقەكردن و سەرسووڕان و ئازاری سینگ. 

بەڵام هەموو ئازارێكی باسكی چەپ ئاماژە نییە بۆ نۆرەی دڵ، تەنیا ئازارێكی كتوپڕ و بەردەوام و قورسایی و هەستكردن بە پەستانێك بە حەسانەوە نەمێنێت، ئەوانە مەترسیدارن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل