تەماتە.. سوودی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە

:: AM:10:33:15/11/2025 ‌
تەماتە ئەو خۆراكەیە كە لە تەواوی وڵاتانی دنیادا بەكار دێ و دەخورێت، ئەو خۆراكە تەنیا بەشێكی سەرەكیی لەسەر ژەمە خۆراكییەكان نییە، بەڵكو لە سەرووی زۆربەی خۆراكەكان، سوود بە تەندروستی دەگەیەنێت بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە لە پێگەی تەندروستیی Mayo Clinic وWebMD  وەرگرتووە كە تێیدا باس لە سوودەكانی تەماتە دەكات، ئاماژەی داوە ئەو خۆراكە كە بە میوەیش ناو دەبرێت، زۆرترین ڤیتامین و سەرچاوە خۆراكی و رووەكییەكان لەخۆ دەگرێت، بۆ تەندروستیی دڵ و بەرگریی جەستە سوودی زۆری هەیە، جیا لەوەی سوودی بۆ چەندان نەخۆشیی درێژخایەن هەیە.

باس لەوە دەكرێ كە لە تەماتەدا مادەی لیكۆپین و بەهێزترین دژو ئۆكسیدە و یارمەتیی پارێزگاریی لە شانەكان لە تێكچوون دەكات، هاوكات مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و بەشێك لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات كەمتر دەكاتەوە.

ئاماژەی داوە كە تەماتە بە ڤیتامینەكانی "سی" و "ئەی" و پۆتاسیۆم دەوڵەمەندە، بۆیە سوودی بۆ بەرگریی جەستە و چاوەكان و پێست و هاوسەنگكردنی پاڵەپەستۆی خوێن هەیە. لە توێژینەوەكانی پێشتریشدا بەوە گەیشتوون كە سوودی تەماتە بۆ تەندروستیی دڵ زۆرباشە. مادەی لیكۆپین كار دەكات بۆ دابەزاندنی كلیسترۆڵی خراپ و زیادكردنی كۆلیسترۆڵی باش، جیالەوەی یارمەتیی دژە ئۆكسید دەدات بۆ هاتوچۆی خوێن بەناو دەمارەكان و كەمكردنەوەی هەوكردن لەناو دەمارەكان.

هاوكات لە توێژینەوەكان دووپات كراوەتەوە كە تەماتە مەترسییەكانی شێرپەنجەی پرۆستات و سی و گەدە كەمتر دەكاتەوە. بەتایبەتی كوڵاندنی ئەو خۆراكە باشترە لەوەی بە خاوی بخورێت، كوڵاندنی وا دەكات جەستە مادەی لیكۆپین هەڵبمژێت. هەروەها ڤیتامین "سی" كە كولاجینی پێویست بۆ چاو و بینین بەرهەم دێنێت، هەروەها ڤیتامینی "ئەی" بۆ پارێزگاری لە چاو بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون، زۆر بەسوودە.

دواتریش باس لە زیانەكانی تەماتە دەكرێ كە زۆر گرنگە لە خواردنی زێدەڕۆیی نەكرێت، چونكە زێدەڕۆیی لە خواردنی، ئەگەری زۆرە كەسەكە تووشی هەستەوەریی تەماتە بكات یان زیان بە زراو دەگەیەنێت، بەتایبەتی بەهۆی ترشیی خۆراكەكەوە. ئەوەش دەگوترێ كە نابێ تەماتە بە گەدەی بەتاڵ بخورێت، چونكە ئەوكات گەدە هەست بە سووتانەوە دەكات و تووشی نەخۆشیی دەكات.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د