زۆربەی هەوڵی زانا و پزیشكان بۆ ئەوەی قۆناغی پیری دوور بخەنەوە و مرۆڤ بتوانی لە تەمەنێكی هەڵكشاویشدا ژیانێكی خۆشتر بەڕێ بخات. لەوبارەیەوە پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی تایبەت بە زانست، باس لە چەند خوویەك دەكات كە ئەگەر مرۆڤ پێیانەوە پابەند بێت، دەتوانێ بۆ ماوەیەك قۆناغی پیری دوور بخاتەوە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 15ی تشرینی دووەم، هەواڵەكەی لە پێگەی "ساینس ئەلێرت"ی تایبەت بە زانست وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ماوەیەكی زۆرە زانا و پزیشكان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن كە قۆناغی پیری دوورتر بخەنەوە و تەمەنێكی درێژتر بۆ مرۆڤ دەستەبەر بكەن. ئەو پێگەیە ئاماژەی بە چەند خوویەك داوە ئەگەر مرۆڤ پێیانەوە پابەند بێت، تا ئاستێكی زۆر لە قۆناغی پیری دوور دەكەوێتەوە.
بەرلە هەر شتێك باس چالاكیی جەستەیی و وەرزش دەكرێت كە بە درێژایی تەمەن، لەسەری بەردەوام بێت و ئەوەیش وا دەكات مەترسیی مردنی لێ دوور بكەوێتەوە، بۆ ئەوەیش ئاماژە بە راهێنانە بەهێزەكان دەكرێ كە لە ماوەی هەفتەیەكدا سێ تا چوار جار ئەو راهێنانە وەرزشییە بكرێت، بۆ هەر جارێك ماوەكەی لە 23 خولەك كەمتر نەبێت، دواتریش بە روونی ئەنجامەكەی دەردەكەوێت كە لەلایەن كاریگەریی لەسەر پێست دەبێت و هاوكات تەندروستیی باشتر دەبێت.
دوای ئەوە باس لە سیستمی خۆراكیی تەندروست دەكرێت، ئەو سیستمە كاریگەریی لەسەر تەمەنی بایۆلۆجی دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەكان بوون. لە توێژینەوەیەكدا كە دوو هەزار و 700 ئافرەت تێدا بەشدار بوون، چاودێریی ماوەی شەش مانگ تا ساڵێك لە سیستمی خۆراكیی تەندروست كراوە، دەركەوتووە زۆربەیان بۆ ماوەیەكی درێژ گەنجێتییان پاراستووە و ئەو سیستمە خۆراكییە قۆناغی پیری دوور خستووەتەوە.
لەبارەی سیستمی خۆراكیی تەندروست، باس لە میوە و سەوزەواتەكان و دانەوێڵە و چەرەزات و پاقلەمەنی و ماسی و پرۆتینی كەمچەوری و چەوریی تەندروست كراوە، هاوكات باس لە دووركەوتنەوە لە گۆشتی سوور و شەكر و سۆدیۆم كراوە.
لەلایەكی تریشەوە باس لە خەوی باش و ئاسوودە دەكرێت، كە زانا و پزیشكان پێیان وایە خەوی باش بەهێزترین ئاماژەیە بۆ دووركەوتنەوە لە پیری، هاوكات كاریگەریی لەسەر تەندروستی گشتیش دەبێت، هەروەها خەوی ئاسوودە بۆ ترشەڵۆكی ناوكیش بەسوودە و هاوسەنگی هۆرمۆنی دەپارێزێ و هەوكردن كەمتر دەكاتەوە.
دواتریش باس لە هەندێك خووی وەك جگەرەكێشان و جگەرەی ئەلیكترۆنی و خواردنەوەی كحوول دەكرێت، زانا و پزیشكان پێیان وایە ئەو خووانە هۆكارن بۆ زوو پیربوون. بۆ نموونە جگەرەكێشان سییەكان زوو پیر دەكات و بەهۆیەوە ئەركی هەناسەدان دەبێتە كێشەیەك و مرۆڤ لە مردن نزیك دەخاتەوە.