بەرزیی پەستانی خوێن یەكێكە لە كێشە گەورەكانی ئێستەی مرۆڤ بە تەمەن و رەگەزە جیاوازەكان، ئەگەر چارەسەر نەكرێت تا ئاستی لەناوچوون بە جەڵەتەی دڵ و مێشك مەترسیدارە، توێژینەوەیەكی نوێی زانستی ئاماژە دەكات، كۆنترۆڵكردنی بەرزیی پەستانی خوێن مەترسی تووشبوون بە خەڵەفان، بەتایبەتی ئەلزەهایمەر كەم دەكاتەوە.
رۆژنامەی "
گاردیان"ی بەریتانی ئاماژە دەكات، لە توێژینەوەیەكی چوار ساڵی لە چین كە 35 هەزار بەشداری گرتەوە، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەو كەسانەی چارەسەری رێكوپێكی بەرزیی پەستانی خوێن وەردەگرن، بە رێژەی 15% كەمتر تووشی خەڵەفان و جۆرەكانی دەبنەوە، بەتایبەتی ئەلزەهایمەر كە باوترینیانە، بۆیە پێویستە كۆنترۆڵی ئەو حاڵەتە بكرێت.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تەنیا لە 2021 زیاتر لە 57 هەزار كەس لە دنیا تووشی خەڵەفان بوونە، توێژەرانیش دەڵێن دەكرێ خۆپارێزی لە تووشبوونی نیوەی حاڵەتەكان بكرێت یان دوا بخرێت، ئەگەر كۆنترۆڵی 14 هۆكار بكرێت، لەوانە جگەرەكێشان و قەڵەوی و لاوازیی بیستن و زۆر خواردنەوەی كحوول و دابڕانی كۆمەڵایەتی و بەرزیی پەستانی خوێن و هیتریش.
پرۆفیسۆر جیانگ هی توێژەر دەڵێت، دەكرێ چارەسەری بەرزیی پەستانی خوێن رێگری لە تووشبوون بە خەڵەفان لە نەخۆشانی بەرزیی پەستانی خوێنی ناڕێك بكات، كە ئێستە زۆر بڵاوە، پرۆفیسۆر تارا سپایرز جۆنز پشپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك دەڵێت، لەو توێژینەوە گرنگیی ئیدارەدانی پەستانی خوێن و مەترسیی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن بۆ پاراستنی مێشك لە كاتی چوونە ناو تەمەن دەردەكەوێت، بەڵام هێشتا ئەو بابەتە گەرەنتی تووشبوون نییە، چونكە كەسانێك چارەسەری پەستانی خوێنیش وەردەگرن و تووشی خەڵەفان بوونەتەوە.