بۆچی پێویستە رۆژانە ئاوی لیمۆ بخۆریتەوە؟

:: PM:07:58:15/11/2025 ‌

رەنگە نوێ نەبێت كە گوتوویانە خواردنەوەی ئاوی بە لیمۆ سوودی زۆرە، شارەزایان دەڵێن خواردنەوەی ئاوی بە لیمۆ چەندان سوودی هەیە، لەوانە یارمەتیی هەرسكردن و شێداركردنی لەش و تواندنەوەی بەردی گورچیلە و هیتریش دەدات، بۆیە پێویستە رۆژانە بخورێتەوە، بەتایبەتی لەوانە چوونەتە ناو تەمەن. 

لە سوودەكانی ئاوی لە لیمۆ، یارمەتیدانی هەرسكردن، كاتێك ترشی ستریكی تیادایە و ئاستی ترشی گەدە زیاتر دەكات و ئەوەش یارمەتیی لێكهەڵوەشانی خواردن دەدات، بەتایبەتی بەر لە ژەمی خواردن كە یارمەتی جووڵانەوەی خۆراك لەناو كۆئەندامی هەرس دەدات. رێگری لە دروستبوونی بەردی گورچیلە دەكات، هەر لە رێگەی ترشی ستریكەوە، زیادكردنی ڤیتامین سی لە لەش، كە میوەیەكی ترشە و هەر دانەیەك لیمۆ 21%ی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین سی دابین دەكات. 

شوێنگرەوەی خواردنەوە شیرینكراوەكانە كە كێشی لەش زیاد دەكەن و مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵ و جگەر و كلۆربوونی ددان دەكەن، یارمەتی دابەزینی كێشی لەش و هەڵمژینی كالیسیۆم دەدەن، كە بۆ تەندروستیی ئێسك باشە.

لەگەڵ ئەوەشدا خواردنەوەی ئاوی بە لیمۆ هەندێك لایەنی نەرێنی هەیە و پێویستە وریای بین، لەوانە داخورانی چینی مینای ددان، كێشەی هەرسكردن و شێوانی ریخۆڵەكان و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سورێنچك و ورووژانی برینی دەم و هاندانی نۆرەی شەقیقە لە هەندێك كەس. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل