پێوەندی لە نێوان نەخۆشی شەكرە و كێشەی بیستن هەیە

:: PM:06:03:17/11/2025 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، بەتێپەڕبوونی كات چەندان كاریگەریی مەترسیدار دروست دەكات، لەوانە تێكچوونی هەستی بیستن تا ئاستی لەدەستدانی، بۆیە دەكرێت هەندێك جار دروستبوونی كێشە لە بیستن بە نیشانەیەكی نەخۆشی شەكرە دابنرێت.

توێژینەوەیەكی نوێی زانستی ئاماژە دەكات كە تووشبووان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە زیاتر لە كەسانی تر مەترسیی كێشە و لەدەستدانی هەستی بیستنیان هەیە، لەو توێژینەوەی زانكۆی بەرشەلۆنە بوونی پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و زیادبوونی مەترسیی لەدەستدانی هەستی بیستن دەركەوت، ئەنجامەكان دەریان خست كە مەترسییەكە چوار هێندە بە بەراورد بە كەسانی ئاسایی.  

توێژەران داتای 17 توێژینەوەی پێشوویان شی كردەوە كە هەشت هەزار كەس بەشدارییان تیایدا كردبوو، بۆیان دەركەوت لاوازیی بیستن تووشی 40 بۆ 70%ی نەخۆشانی جۆری دووەمی شەكرە دەبێت، بەتایبەتی كێشەیان لە بیستنی لەرەلەری گەورە هەبوو، كاتێك پێوەری بیستن لە تووشبووانی شەكرە 3.2 دیسیبڵ بە بەراورد بە كەسانی ئاسایی خراپتر بووە. 

توێژینەوەكە ئاماژەی كرد كە مەترسیی لەدەستدانی بیستن لەگەڵ درێژیی ماوەی تووشبوون بە شەكرە زیاتر دەبێت، واتە زیاتر لە 10 ساڵ، هەروەها لەگەڵ ئاستی هیمۆگڵۆبینی شەكرە، ئەوەش دەری دەخات كە پێوەندی لە نێوان كۆنترۆڵنەكردنی شەكرە و لەدەستدانی هەستی بیستن هەیە، توێژەران هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بەرزیی ئاستی شەكر لە خوێن گۆڕانكاری لە لوولە وردەكانی خوێن لە گوێی ناوەوە دروست دەكات و كار لە پەردە و خۆراك و خوێنی گەیشتوو بۆ لوولپێچی گوێ دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی پووكانەوەی بە هەنگاوی لوولەكان و پەككەوتنی وەرگری ئاماژەكانی بیستن و بەر بەرە لەدەستدانی بیستن كە چاكبوونەوەی نییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل