هەوكردنی میزڵدان كێشەیەكی باوی ئێستەیە بەتایبەتی لەلای ئافرەتان. ئەو حاڵەتە بە پەتای میزەڕۆیش ناو دەبرێت، ئەویش دوای ئەوەی میزڵدان تووشی هەوكردن دەبێ و بەهۆیەوە كەسەكە تووشی زۆر میزكردن دەبێت، یان میزەچۆڕكە، پاشان هەست بە سووتانەوە دەكات و بەدوایدا تووشی ئازار لە خوارەوەی سك دەبێت. پێگەیەك ئاماژە بەو خۆراكانە دەدات كە بۆ كێشەی میزڵدان و میزەڕۆ سوودمەندن، هاوكات هەندێك خۆراكیش هەن زیانیان زیاتر دەبێت.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵەكەی لە پێگەی "یونیڤێژیۆن" وەرگرتووە و پسپۆرانی بواری خۆراك، زانیارییان لەو بوارە خستووەتەڕوو و ئاماژە دەدەن، بۆ ئەوەی تووشی هەوكردنی میزڵدان و میزەڕۆ نەبن كە پێی دەگوترێ پەتای میزەڕۆ، پێویستە سیستمی خۆراكی گۆرانی بەسەردا بێت و هەندێك خۆراك هەن چارەسەرن بۆ هەوكردنی میزڵدان، هەندێك خۆراكیش هەن بەپێچەوانەوە زیانی زیاتری پێ دەگەیەنن.
ئەو خۆراكانەی بۆ ئەو حاڵەتە سوودمەندن، باس لە توور دەكرێ كە دژی هەوكردنە و رێگە لە بەكتریا دەگرێ لە میزەڕۆ دروست ببێت، بۆیە توور پارێزگاری لە میزڵدان دەكات تا تووشی ئەو پەتایە نەبێت، بەتایبەتی بە تازەیی و بە خاوی بخورێت. هەروەها ئاوی لیمۆیش بەهەمانشێوە بۆ ئەو حاڵەتە زۆر بەسوودە، بەتایبەتی بیانیان هەندێك لیمۆ بكرێتە ناو ئاوی گەرم و بخورێتەوە، میزڵدان پاكتر دەكاتەوە و هەروەها بەكتریا لەناو دەبات و مەترسیی تووشبوون بە پەتای میزەڕۆ كەمتر دەكاتەوە.
هەروەها لە خۆراكە بەسوودەكان باس لە برۆكلی كراوە كە پارێزگاری لە هاوسەنگی پلە ترشەڵۆكی جەستە دەكات، ئەوەیش بۆ نەهێشتنی هەوكردن لە میزڵدان زۆر گرنگ و كاریگەرە، هەروەها برۆكلی رێگە لە ترشەڵۆكی زیادە لە میزڵدان دەگرێت و رێگە نادات بەكتریا لە میزڵدان گەشە بكات، لەگەڵیدا سەرچاوەی ڤیتامینی "جی" و بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات. هاوكات سیریش پارێزگاری لە میزڵدان و میزەڕۆ دەكات لە پەتاكە، راستە كە سیری بۆنی خۆش نییە، بەڵام سوودەكانی زۆرە و ئەگەر رۆژانە سێ دەنك سیر بە خاوی بخۆن، گومان نییە لە هەوكردنی میزڵدان دوور دەكەونەوە.
دواتریش باس لە زیانی ئەو خۆراكانە دەكرێت كە بۆ میزڵدان و میزەڕۆ زۆر خراپن. لەناویاندا باس لە شەكر دەكرێ كە دەبێتە هۆی قەڵەوی، شیرینیی شەكر وا دەكات پەتای میزەڕۆ بەردەوامیی هەبێت، هەروەها زیان بە بەرگریی جەستە دەگەیەنێت، بەتایبەتی لە هەوكردنی میزڵدان. تەواوی خۆراكەكانی وەك خۆراكە لەقوتووكراوەكان، ئاوی میوە، كێك و بسكیت لە خۆراكە زیانمەندەكانن. هەروەها كافاینیش زیانی بۆ ئەو حاڵەتە هەیە، كافاین خۆی ئەركی ئەوەیە جەستە چالاكتر بێت، بۆ ئەوەیش وا دەكات خوێن چالاكانەتر بگاتە میزڵدان، ئەوەیش وا دەكات ئازار زیاتر بێت و كەسی تووشبوو بە هەوكردنی میزڵدان، ماوەی زیاتری دەوێت تا چاك ببێتەوە.
هەروەها خۆراك تیژەكان بەهەمانشێوە بۆ حاڵەتەكە زیانمەندن و وا دەكەن میزڵدان تووشی سووتانەوە بێت، هەروەها هاوسەنگی پلەی ترشەڵۆكی لە جەستە تێكدەدات، ئەوەیش وا دەكان نەخۆش درەنگتر چاك ببێتە. لەگەڵ ئەوەدا تەماتەیش وێڕای ئەوەی خۆراكێكی زۆرباشە، بەڵام بۆ هەوكردنی میزڵدان زیانی زۆری هەیە، بەتایبەتی كەسێك تووشی حاڵەتەكە ببێت، زۆر گرنگە لە تەماتە و هەموو ئەوانەی لە تەماتەوە دروست دەكرێن، دوور بكەوێتەوە.