لە تەواوی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكاندا دەركەوتووە كە جگەرەكێشان، كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی كاریگەرییەكەی لەسەر بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن زیاتر دەردەكەوێت، ئەوجا كاریگەرییەكەی بەپێی كەمی و زۆریی كێشانی جگەرە، یان ماوەی كێشانی جگەرە، جیالەوەی كاریگەرییەكەی بۆ سەر دڵ و دەمارەكان و مێشكیش هەیە.
بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "
شەرق ئەوسەت"، هەواڵێكی تایبەتی لەسەر جگەرەكێشان و كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بڵاو كردووەتەوە، پزیشكانی پسپۆر لە بواری دڵ و مێشك و هەناو ئاماژە بەوە دەدەن، جگەرەكێشان بەشێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستی زۆر خراپە، بەتایبەتی بەهۆیەوە پاڵەپەستۆی خوێن بەرز دەبێتەوە و ئەوەیش كاریگەریی لەسەر دڵ و مێشك دروست دەكات.
دووپاتی دەكەنەوە كە كاتێك مرۆڤ جگەرە دەكێشێت، جەستە تووشی حەوت هەزار مادەی كیمیایی دەبێت كە كاریگەرییان لەسەر هاتوچۆی خوێن لە دەمارەكاندا دەبێت، بەهۆیەوە پاڵەپەستۆی خوێن بەرز دەبێتەوە. زۆرن بەهۆی ئەو مادە كیمیاییانەوە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون. تەنانەت لە یەكەم هەڵمژینی جگەرەكە، كەسەكە خۆی هەست بەوە دەكات پاڵەپەستۆی بەرز دەبێتەوە، خۆ ئەگەر جگەرەیەك بەتەواوی بكێشێت، ئەوكات پاڵەپەستۆی خوێنی لە ماوەی نیو سەعاتدا زیاتر بەرز دەبێتەوە.
باس لەوەش دەكەن كە نیكۆتین خراپترین مادەی ناو جگەرەیە، چونكە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر مێشك دەبێت و مرۆڤ تووشی ئالوودەبوون دەكات، ئەو ئالوودەبوونەیش چێژێكی پێ دەبەخشێت و بەهۆیەوە خوێن هۆرمۆنی نورابینفرین لەخۆ دەگرێت، ئەویش دەبێتە خۆی تەسكبوونەوەی دەمارەكان و دەواتریش بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن.
ئاماژە بەوە درا كە بە سووتانی تووتن، غازی یەكەمین ئۆكسیدی كاربۆن بۆ سییەكان و خوێن دەنێرێت، بەوەیش ئاستی ئۆكسجین لە خوێن دادەبەزێت، بەدوایدا لێدانی دڵ خێراتر دەبێت و ئەوەیش وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێن بەرز ببێتەوە.
لە ساڵی 2020دا توێژینەوەیەك ئەنجام درا كە حەوت هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردبوو، لەوێشدا بەوە گەیشتوون بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بۆ ئەوانەی جگەرەكێشن، لە نێوان پێنج ساڵی كێشیانیان بە جگەرە، زۆربەیان تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.