لە كەشی سارد و بەتایبەتی لە وەرزەكانی پایز و زستان، كەسانی زۆر تووشی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزا و كۆكین دەبن و بەتایبەتی وشكەكۆكە، ئەوەیش وا دەكات خەویان ئاڵۆز و نائاسوودە بێت و نەتوانن بەباشی كارەكانیان ئەنجام بدەن. پزیشكێكیش ئاماژە بە خێراترین رێگە بۆ چارەسەری وشكەكۆكە دەخاتەڕوو.
پێگەی "شەفەق نیوز" لەبارەی كێشەی وشكەكۆكەوە بۆچوونی سێرگی ئەفدیڤی بڵاو كردووەتەوە كە پزیشكی پسپۆر لە بواری سییەكانە لە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا. ئەو بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی لێدوانی داوە و دەڵێت، جیا لە دەرمان بۆ چارەسەری وشكەكۆكە و بەپێی جۆری كۆكین و هاوكات جۆری دۆخی نەخۆشەكە، هاوكات رێگەی زۆر خێرا و كارا هەیە كە ئەوانەی تووشی ئەو كێشەیە دەبن، هەر لەناو ماڵی خۆیان دەتوانن چارەسەر وەربگرن.
ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، هەندێك چارەسەر بۆ كێشەی وشكەكۆكە هەر لەناو ماڵی خۆتاندا دەكرێت و كۆكەكە كەمتر دەكاتەوە، بۆ نموونە خواردنی پارچەیەك شوكوڵاتەی تۆخ، یەك لە چارەسەرییەكانە، هەروەها كەوچكێك هەنگوین تێكەڵی ئاوی گەرم بكرێت و بخورێتەوە، چارەسەرییەكی ترە بۆ نەخۆشییەكە و تا ئاستێكی زۆر كەمتری دەكاتەوە.
هاوكات پزیشكەكە ئەوەیش دەخاتەڕوو كە هەندێك چارەسەر و دەرمانی میلیی، رەنگە بتوانن بەشێوەیەكی كاتی چارەسەری وشكەكۆكە بكەن، بەڵام نابنە چارەسەری رژد بۆ نەهێشتنی، خۆ ئەگەر وشكەكۆكەكە هەر بەردەوام بێت، رەنگە پێوەندیی بە نەخۆشییەكی ترەوە هەبێت، بۆیە لەوكاتەدا پێویستە نەخۆش سەردانی پزیشكی پسپۆر لە بواری سییەكان بكات بۆ وەرگرتنی چارەسەر.