ئایا گیاندارانیش وەك مرۆڤ تووشی نۆرەی دڵ دەبن؟.. زانست وەڵام دەداتەوە

:: PM:03:26:20/11/2025 ‌
نۆرەی دڵ نەخۆشییەكە كە لەم سەردەمە لەسەر ئاستی دنیادا زۆر بووە. پرسیار لەوبارەیەوە دەكرێ كە جیا لە مرۆڤ، ئایا بوونەوەرەكانی تریش لە دنیادا تووشی هەمان نەخۆشی دەبن یان نا؟ بەتایبەتی پرسیارەكە لەبارەی گیانداران دەكرێت، لەوبارەیەوە زانست وەڵامی خۆی هەیە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، لە پێگەی livescience وەرگرتووە و وەڵامی پرسیارەكە بڵاو دەكاتەوە كە پسپۆرانی بواری دڵ قسەیان بی كردووە و ئاماژە دەدەن، جۆری گیانداران لەبارەی تووشبوون بە نۆرەی دڵ جیاوازن، هەندێك تووشی نەخۆشییەكە دەبن، بەڵام زۆر كەمن و زۆربەی گیانداران تووشی نابن.

نەخۆشییەكە بۆ مرۆڤ قورس و مەترسیدارە و ساڵانە ملیۆنان كەس تووشی دەبن و ئەگەر زۆر بە خێرایی فریای چارەسەر نەكەون، گیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو پێگەیە لەسەر زاری ڤیلیپ گۆردس لە زانكۆی كالیفۆرنیا و پسپۆری بواری نەخۆشییەكانی دڵە، بڵاوی كردووەتەوە كە زۆربەی گیانداران تووشی نۆرەی دڵ نابن، تەنانەت مەیموونی شامپانزی كە جۆرێكە زۆر نزیكە لە مرۆڤ، تووشی ئەو نەخۆشییە نابێت، بۆیە كەمن ئەو گیاندارانەی كێشەی جۆراوجۆری دڵیان دەبێت نەك نۆرەی دڵ.

ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە رەنگە گیانداران تووشی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی دڵ ببن، بەڵام نۆرەی دڵ بۆ گیانداران زۆر دەگمەنە، چونكە ئەوان وەك مرۆڤ تووشی نۆرەی دڵ نابن، چونكە ئەو نەخۆشییە پێوەندیی بە گیرانی دەماری تاجی هەیە. بۆ ئەوەیش بەشێكی دڵ دەمرێت بەهۆی كەمیی ئۆكسجین، ئەویش لە ئەنجامی گیرانی ئەو دەمارانەیە كە ئۆكسجین بۆ دڵ دەگوازنەوە.

لەلایەكی تریشەوە فلاڤیۆ ڤینتۆن مامۆستای فیزیا لە پەیمانگەی جۆرجیا بۆ تەكنەلۆجیا روونی دەكاتەوە كە مردنی بەشێكی دڵ، لێدانی كارەبایی دڵ دەوەستێنێت، ئەوەیش ماسولكەی دڵ لە كار دەخات، ئەگەر ئەو كەسە بە خێرایی چارەسەر نەكرێت، ئەگەری زۆرە گیانی لە دەست بدات.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د