لە زستان وریای تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان بن

:: PM:08:43:23/11/2025 ‌

یەكێك لە كێشە بڵاوەكانی مرۆڤ گیران یان تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانە، هاوكات یەكێك لە كێشەكانی زستان و وەرزی سەرما تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانە، چونكە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما دەبێتە هۆی چوونەوەیەك و گرژبوونی خوێنبەرەكان و ئەوەش پەستانی خوێن بەرز دەكات و مەترسی لەسەر دڵ دروست دەكات. 

لە ژمارەیەك توێژینەوەی زانستی دەركەوتووە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ كەشوهەوای سارد، خوێنبەرەكان دەچنەوەیەك و گرژ دەبن، ئەوە پارێزگاری لە پلەی گەرمی لەش دەكات، بەڵام هاوكات دەبێتە بارگرانی لەسەر دڵ لە رێگەی بەرزكردنەوەی پەستانی خوێن، ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە نۆرەی دڵ زیاتر دەكات.

رەنگە زۆر كەس ئەگەری تووشبوونیان بە نۆرەی دڵ لە زستان هەبێت، بەڵام لەوانە بڵاوترە، نەخۆشانی دڵ و پەستانی بەرزی خوێن و بەتەمەنداچووەكان و نەخۆشانی شەكرە و ئەوانەی كێشەی سووڕی خوێنیان هەیە و ئەوانەشی كۆلیسترۆلیان بەرزە، ئەوانەی پەستانی خوێنیان بەرزە مەترسیی تووشبوونیان بە نۆری دڵ زیاترە بەهۆی كەمیی جووڵانەوە و خواردنی زۆر و كەمیی خواردنەوەی ئاو و زیاد دەردانی هۆرمۆنی رارایی. 

رەنگە پرسیار بكرێت چی بكرێت بۆ خۆپاراستن لە نۆرەی دڵ لە وەرزی زستان؟، دەبێت پێش چوونە دەرەوە جووڵە بكەیت وەك خۆگەرمكردن بۆ یاری و مەشق، واتە بەر لە چوونە دەرەوەی لەناو ماڵ بجووڵێوە و پەنجەرەكە تۆزێك بكەوە و خواردنەوەیەكی گەرم و بێ كافایین بخۆرەوە، دەتوانی بەپێی بڕۆیت و لەشت چالاك بێت، خۆراكی تەندروست بخۆیت و خوێ و سۆدیۆم كەم بكەوە، بە بەردەوام پەستانی خوێنت پێوانە بكە و مەهێشڵە پەستانی خوێنت بەرز بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل