بادەم و فستق دوو لە چەرەزاتەكانن كە رەگەزە خۆراكییە دەوڵەمەندەكان لەخۆ دەگرن، وەك ڤیتامینەكان و چەورییە تەندروستەكان، زۆرجار باس لەوە دەكرێ كە یەكیان لەوی تریان بەسوودترە، لە كاتێكدا هەریەكەیان بەجیا سوودی جیاواز لەوی تریان لەخۆ دەگرن، بۆیە بایەخدان بە خواردنیان، تەندروستییەكی باشترتان پێ دەگەیەنێت. پێگەیەكیش بەراورد بە سوودەكانیان دەكات.
پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ڤێری وێڵ هێڵس" وەرگرتووە و پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە بادەم و فستق هەردووكیان رەگەزە خۆراكییە دەوڵەمەندەكان لەخۆ دەگرن، لە ناویاندا ڤیتامینەكان و چەورییە تەندروستەكان. وێڕای ئەوەی هەردووك لە چەرەزاتەكانن، بەڵام سوودی جیاوازتر لە یەكتر بە مرۆڤ دەبەخشن.
باس لەوە دەكەن كە بادەم سەرچاوەیەكی زۆرباشی ڤیتامینی "ئی" و مەگنسیۆم و كالسیۆمە. هاوكات فستقیش سەرچاوەیەكی زۆرباشی ڤیتامینی "بی" و مسە. هەردوویش پێكەوە پارێزگاری لە دڵ دەكەن و لە زۆر نەخۆشی دووری دەخەنەوە.
فستق خۆراكێكی زۆر تەندروستە بۆ دڵ، بەهۆیەوە پاڵەپەستۆی خوێن و كۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت، ئەوەیش هۆكارێكە مەترسیی لەسەر نەخۆشییەكانی دڵ كەمتر دەكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر رۆژانە رێژەیەكی مامناوەندی لێ بخورێت، واتە زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت. بەڵام بادەم كە بە ڤیتامینی "ئی" دەوڵەمەندە، ئەویش مەترسیی لە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان دوور دەخاتەوە.
فستق بە ریشاڵ و پرۆتین دەوڵەمەندە، بەڵام كاربۆهیدرایت تێیدا كەمە، لە توێژینەوەكاندا دەركەوتووە كە فستق پارێزگاری لە گلۆكوز لە جەستە دەكات. لە توێژینەوەیەكدا باس لە فلافۆنوید لە فستق دەكات كە زۆر ئەرك بەجێدێنێت، لەناویاندا هەڵمژینی كاربۆهیدرایت، ئەوەیش وا دەكات هاوسەنگی شەكری خوێن بپارێزێت، ئەوانەی تووشی شەكرەی جۆری دووەم بوون، ئەو فلافۆنوید ریژەیەكی لە خوێندا دادەبەزێنێت.
بەڵام بادەم هەمان سوود بە شەكرەی خوێن ناگەیەنێت، بۆ ئەوەیش لە توێژینەوەیەكدا كە لە 2024دا ئەنجام دراوە، ژمارەیەك كەس بەشدارییان تێدا كردووە و بۆ ماوەی شەش هەفتە، رێژەیەكی دیاریكراو بادەمیان خواردووە، لە ئەنجامدا دەركەوتووە هیچ سوودێكیان لە گلۆكۆز لە خوێندا پێنەگەیشتووە، بەراورد بەوانەی لەو ماوەیەدا بادەمیان نەخواردووە.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك دووپاتی دەكەنەوە، وێڕای بەراوردی سوودی بادەم و فستق بە جیا، لەگەڵیدا هەریەكەیان سوودی جیاواز بە تەندروستی دەگەیەنن و بە باشترین خۆراك لەناو چەرەزارەتەكاندا هەژمار دەكرێن.