نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت كاریگەریی نەرێنی و گەورەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، پێویستە جگە لە دەرمان، مرۆڤ لە رێگەی گۆڕینی سیستمی خۆراك و شێوازی ژیانی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بدات، بەڵام لە پیاوان ئەو نەخۆشییە چۆن كار لە پرۆستات دەكات؟
نەخۆشی شەكرە و پرۆستات، بەتایبەتی لە پیاوانی بەتەمەنداچوو لەگەڵ یەكدا دێن، دەكرێ نەخۆشی شەكرە وا بكات لەش تووشی هەوكردن ببێت، لەوانەش هەوكردنی پرۆستات، توێژینەوەكان باسی ئەوە دەكەن كە پێوەندییەكی دووسەری لە نێوانیاندا هەیە، شەكرە مەترسیی تووشبوون بە ئاوسانی پاكی پرۆستات زیاتر دەكات، هەروەها بەپێچەوانەوە، ئەوەش لە رێگەی چەند میكانیزمێك لەوانە شێوانی هاوسەنگیی هۆرمۆنی و بەرگری بۆ ئەنسۆلین و هەوكردنی درێژخایەن.
دەكرێ شەكرە لەو رێگایانەوە ببێتە هۆی ئاوسانی پرۆستات، بەرگری بۆ ئەنسۆلین و زیاد دەردانی لە خوێن، بەتایبەتی جۆری دووەمی شەكرە، ئەو ئەنسۆلینە گەشەی خانەكان و توانای زۆربوونیان زیاتر دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی ئاوسانی رژێنەكە، هەروەها هەوكردنیی درێژخایەن، كە لە هەردوو حاڵەتەكە هاوبەشە و دروست دەبێت، گۆڕانكاریی هۆرمۆنی، لەوانە هەردوو هۆرمۆنی تیستۆستیرۆن و ئیسترۆجین، بەوەش كار لە گەشەی پرۆستات دەكات.
هەروەها كێشە لە كۆئەندامی دەماری خۆنەویست، نەخۆشی شەكرە كار لەو كۆئەندامە دەكات، كە كۆنترۆڵی میزڵدان و پرۆستات دەكات و كێشەیان بۆ دروست دەكات، كۆنیشانەی میتابۆلیسم، شەكرە چەند كێشەیەكی میتابۆلیسم دروست دەكات وەك وەك قەڵەوی و بەرزیی پەستانی خوێن، ئەوانەش پێوەندییان بە ئاوسانی پرۆستاتەوە هەیە.