ئاشقانی قاوە لە دنیادا زۆرن و بەیانیان بەبێ خواردنەوەی كووپێك قاوە، زۆربەیان ئارەزووی دەستپێكردنی كارەكانیان ناكەن، بەو كووپە قاوەیە سەرنجیان وردتر دەبێت و وزەیشیان زیاتر دەبێت. پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدەن كە سوودەكانی قاوە زۆرن، بەڵام گرنگتر ئەوەی رۆژانە چەند كووپ بخۆنەوە تا سوودەكان وەربگرن؟ ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی بكرێت، سوودەكانی كەمتر دەبنەوە.
بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، بەپێی زانیاریی پسپۆرانی بواری خۆراك، لەبارەی سوودەكانی قاوە و هاوكات مرۆڤ رۆژانە تا چ ئاستێك قاوە بخواتەوە تا سوودی لێ ببینێت، هەواڵی بڵاو كردووەتەوە و لە سەرەتادا سوودە زۆرەكانی ئەو خواردنەوەیە دەخەنەڕوو كە بۆ تەندروستی زۆر سوودمەندە، جیالەوەی بووەتە خواردنەوەیەكی جیهانی و ملیۆنان كەس لە دنیادا لە ئاشقانی قاوەن و رۆژانە دەیخۆنەوە.
لەبارەی سوودەكانی قاوە ئاماژە بەوە دراوە، ئەو كافاینەی لە قاوەدا هەیە، وا دەكات لە كاتی كاركردندا سەرنج باشتر بێت و مرۆڤ كەمتر هەست بە ماندووبوون بكات، جیالەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی خەمۆكی دوور دەخاتەوە. هەروەها دژەئۆكسیدە و شانەكانی جەستە لە تێكچوون دەپارێزێ و مەترسیی نەخۆشییەكانی دڵ كەمتر دەكاتەوە، هەروەها مەترسیی نەخۆشیی شێرپەنجەی جگەر و قۆڵۆن كەمتر دەكاتەوە.
هەروەها خواردنەوەی قاوە وا دەكات مەترسیی نەخۆشییەكانی شەكرەی جۆری دووەم، نەخۆشییەكانی جگەر، باركنسۆن و زەهایمەر و بەردی زراو دوور بكەونەوە. هەروەها قاوە وزەی زیاتر دەبەخشێت بەتایبەتی لە كاتی راهێنانی وەرزشی. هاوكات بۆ تەندروستیی دڵ زۆر بەسوودە و لە جەڵتە و وەستانی مێشكیش دوورتان دەخاتەوە.
دواتریش لەبارەی ئەوەی مرۆڤ رۆژانە تا چەند قاوە بخواتەوە تا سوودەكانی وەربگرێت، دەستەی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی خۆراك ئامۆژگاری دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی سوودی زیاتر لە خواردنەوەی قاوە وەربگرن، رۆژانە سێ تا پێنج كووپ بخۆنەوە، لەوەیش زیاتر دەبێتە زێدەڕۆیی، بۆ ئەوەیش لەبری ئەوەی تەواوی سوودەكانی وەربگیرێت، بەپێچەوانەوە كەمتر دەبنەوە.