زەردێنەی هێلكە كێشە بۆ دڵ دروست دەكات؟

:: PM:04:48:09/12/2025 ‌

هێلكە یەكێكە لە خۆراكە گرنگەكان كە رۆژانە مرۆڤ راستەوخۆ یان ناراستەخۆ دەیخوات، رەنگە زۆر جار گوێبیستی بووبین كە زەردێنەی هێڵكە بەهۆی ئەو چەورییەی زۆرەی تیایەتی، بۆ تەندروستی دڵ باش نییە، بۆیە وا باشترە تەنیا سپێنەكەی بخورێت، كە چەوری كەمترە و ئاسانتر هەرس دەكرێت.

د. شووبهام فاتسیا پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس رەخنەی لە شارەزایانی بواری خۆراك گرت كە ئەو قسەیە لەبارەی زەردێنەی هێلكە دەكەن و بە قۆڵبڕین وەسفی كرد، دووپاتی كردەوە كە تەنیا جگەر 80%ی كۆلیسترۆلی لەش بەهەرم دێنێت، بۆیە ئەو كۆلیسترۆلەی لە زەردێنەی هێلكە دەستمان دەكەوێت نزیكەی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئاستی كۆلیسرۆلی خوێن نییە. 

ئەو پزیشكە دووپاتی لەوەش كردەوە كە لە توێژینەوەیەك لەسەر 150 هەزار كەس كراوە و دەركەوت كە خواردنی رۆژانەی یەك هێلكە مەترسیی تووشبوون بە  سەكتەی دڵ و مێشك زیاد ناكات، بەپێچەوانەوە زەردێنەی هێلكە ئاستی كۆلیسترۆلی باش زیاد دەكات و لوتین و كۆلین و ڤیتامینە سەرەكییەكانی تیادایە كە بۆ تەندروستیی دڵ باشن. 

ئەو پزیشكە ئاماژەی كرد كە رێگەی ئامادەكردنی هیڵكە رۆڵی لەوبارەوە هەیە، بۆ نموونە بەكارهێنانی زۆری كەرە و رۆن و قەیماغ كێشە بۆ هەرسكردن دروست دەكەن، بۆیە كەسی ئاسایی، واتە نەخۆشییەكانی شەكرە و بەرزیی پەستانی خوێنیان نەبێت، دەتوانن رۆژانە تا سێ هێلكە بخۆن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل