بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی زانستی ئەو ئاشكرا كراوە، نهێنیی تەندروستیی پێست و مانەوەی بە گەنجی، پێوەندیی بە خۆراكی تەندروست هەیە، بۆ ئەوەیش بەتایبەتی بایەخ بە ڤیتامین "سی"ی سروشتی بدرێت، بۆیە توێژەرانی توێژینەوەكە رۆشنایی دەخەنە میوەی "كیوی" كە بۆ مانەوەی پێستی رووخسار بە گەنجی، بایەخی زۆر بەو میوەیە بدەن.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 10ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، توێژەران لە زانكۆی ئۆتاجۆی نیوزلەندی لە توێژینەوە نوێیەكەدا بەوە گەیشتوون، پێوەندییەكی زۆر لە نێوان ڤیتامین "سی" لە خوێن و پێستی سەرەكی هەیە و بەگەیشتنی ڤیتامینەكە بە پێست، راستەخۆ ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات، هاوكات ئەو ڤیتامینە لە زۆربەی میوەكاندا هەیە، بەڵام كیوی بە هێزترینیانە.
بەپێی توێژینەوەكە، توێژەران بەوە گەیشتوون كە رۆژانە دوو دانە كیوی و بۆ ماوەی هەشت هەفتە بخۆن، ئەنجامەكەی كۆكردنەوەی 250 میكرۆگرام ڤیتامینی "سی"یە و دەتوانێ كۆلاجینی زۆر بەدەست بێنێت، ئەویش راستەوخۆ دەگاتە پێست و بەتایبەتی بۆ پێستی رووخسار، رەونەقی دەكاتەوە و هەمیشە بە گەنجی دەیهێڵێتەوە.
مارگرێت ڤیسەرز كە سەرۆكی تیمی توێژینەوەكەیە گوتی، ئەنجامی توێژینەوەكە زۆر ئەرێنی بووە كە خواردنی كیوی دەتوانێ رۆڵی زۆر گەورە لە بە گەنجی هێشتنەوەی رووخسار ببینێت، ئەو ڤیتامینی "سی"یەی لەو میوەیە هەیە، زۆر بەباشی دەچێتە خوێن و كاریگەریی لەسەر پێستی سەرەكی دەبێت و ساف و رەونەقداری دەكات.
ئەوەشی گوت، كلیلی پارێزگاری لە پێست و بەتایبەتی پێستی رووخسار، پارێزگاریكردنە لە ڤیتامین "سی" لەناو خوێندا. ئەوەیش زۆر ئاسانە و دەتوانێ رۆژانە لە سیستمی خۆراكی جێگەی بكرێتەوە و جەستە لەو ڤیتامینە بێبەش نەبێت.