تەندروستیی دڵ بەشێكی سەرەكییە لە تەندروستیی مرۆڤ، دڵی تەندروست واتە مرۆڤێكی تەندروست و پێچەوانەكەشی راستە، پزیشكێكی رووسی ئاماژە دەكات كە شەكەتی و ماندووبوونی درێژخایەنی مێشك دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شێوانی لێدانی دڵ و كەم گەیشتنی خوێن بۆ ماسولكەی دڵ.
د. نیكۆڵای گۆلیانۆڤ پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن ئاماژە دەكات كە ماندووبوون و شەكەتیی بەردەوامی مێشك دەبێتە هۆی زیادبوونی چالاكیی كۆئەندامی دەماری سەمپەساوی و زیادبوونی لێدانی دڵ و گۆڕان لە تێكڕای ترپەكانی دڵ و ئەوانەش جیڕیی دڵ كەم دەكەنەوە و مەترسیی شێوانی سیستمەكانی كاركردن و كێشەی گەیشتنی خوێن بۆ ماسولكەی دڵ دروست دەكەن.
ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە ماندووبوونی مێشك تەنیا كار لە مێشك ناكات، بەڵكو كار لە سیستمی كاركردنی دڵ دەكات و دوای چەند سەعاتێك لە چالاكیی بەردەوامیی مێشك، لێدانی دڵ زیاد دەكات و پەستانی خوێن و ئاستی كۆرتیزۆل زیاد دەكەن. ئاماژەی كرد كە دوای چوار بۆ پێنج سەعات لەكاركردنی بەردەوامی مێشك، پرۆسەی میتابۆلیسم لە مێشك دەگۆڕێت و ئاستی گلۆتامات بەرز دەبێتەوە.
ئەو پزیشكە رێنوێنی دەدات بەوەی كەمكردنەوەی ماوەی لەسەر یەكی كاركردنی مێشك بۆ سێ و چوار سەعاتی رۆژانە و دوای ئەوە 60 بۆ 90 خولەك حەسانەوە وەربگیرێت، هەروەها شەكەتیی بەردەوامی مێشك هۆكارە بۆ لەناوچوونی ماسولكەی دڵ، چونكە رەقبوونی خوێنبەرەكان خێرا دەكات و ئاماژەكانی هەوكردن زیاد دەكات.