لە دەرەوەی وڵات چاندنی مۆخیان بۆ کرا؛ یەکەم کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا گەڕانەوە

:: AM:11:19:12/12/2025 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، یەکەمین کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا کە بە فەرمانی سەرۆکی حكوومەت بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرابوون، بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە و پڕۆسەی چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجام دراوە.

ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی نزیکەی 100 ڕۆژ، سێ تووشبووی تالاسیمیا کە نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسکیان بۆ کرابوو، گەیشتنەوە ماڵەکانی خۆیان.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەوبارەیەوە ڕای گەیاند، ئەم پڕۆژەیە لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەری لەسەر بودجەی حكوومەت دابین کراوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، لە ئێستەدا 172 هاووڵاتی (نەخۆش، بەخشەر و یاوەری نەخۆش) لە دەرەوەی وڵاتن بۆ هەمان مەبەست.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی پێنجەمی تووشبووان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.


وشە - پۆڵا مەحموود