سەرما چۆن كار لە هەوكردنی پرۆستات دەكات؟

:: PM:08:05:18/12/2025 ‌

هەوكردنی رژێنی پرۆستات حاڵەتێكی نەخۆشییە و تووشی پیاو دەبێت، ئاوسان و ورووژان و كێشەی زەحمەتی و ئازاری میزكردنی لەگەلدا دەبێت، جیا لە دروستبوونی ئازار لە ناوچەی حەوز و ئەندامی زاوزێی نێرینە، بە گشتی كەشوهەوای سارد كێشەی هەوكردنی پرۆستات زیاتر دەكات. 

وەك لە "كلیفلاند كلینیك"، هاتووە، 50%ی پیاوان لە تەمەنیان تووشی كێشەی هەوكردنی پرۆستات دەبنەوە، بڵاوترین كێشەی كۆئەندامی میزە لە پیاوان لە تەمەنی خوار 50 ساڵی، سێیەم بڵاوترینە لە تەمەنی سەرووی 50 ساڵی، دەكرێ هەوكردن و ئاوسانی ئەو رژێنە كار لە ژیانی سێكسیی پیاو بكات، لە نیشانەكانی، ئازار و سووتانەوە لەكاتی میزكردن، لاوازی و زەحمەتی و دووبارەبوونەوەی میزكردن، بەتایبەتی شەوان، هەستكردنی بەپەلە بۆ میزكردن و ئازاری خوارووی سك و ناوچەی نێوان چووك و كۆم.   

رژێنی پرۆستات زۆر بۆ گۆڕانكاریی كەشوهەوا و پلەی گەرمی دەوروبەر هەستیارە، گۆڕانێكی كەمی پلەكانی گەرما كاری تێ دەكات و تووشی هەوكردنی دەكات، كەشوهەوای سارد دەبێتە هۆی گرژبوون و زیادبوونی هەوكردن و قەتیسبوونی شلە تیایدا، ئەوەش هەوكردن زیاد دەكات و تووشی ئاوسانی دەكەن، ئارەزووی میزكردن زیاتر دەبێت و هەندێك جار میز نایەت، بەتایبەتی لە بەتەمەنداچووان، جیا لەوە سەرما دەبێتە هۆی گرژبوونی لوولەكانی خوێن لە ناوچەی حەوز و ئەوەش ئازار و هەستكردن بە سووتانەوە لەكاتی میزكردن زیاتر دەكەن، هەروەها سەرما گرژبوونی ماسولكەی حەوز دروست دەكات، بەوەش ئەو كەسە هەست بە نارەحەتی دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل