د. ئیمی شا لە بڵاوكراوەیەكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام هۆشداریی دا لەوەی گەرمكردنەوەی برنج، دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی و ئەمەش وادەكات ریخۆڵە تووشی هەوكردن بكات.
لە زۆربەی وڵاتان برنج بۆ چەند جارێك گەرم دەكرێتەوە، لە كوردستانیش ئەوە باوە كە ئێوارە برنج لێ دەنرێت و نیوەڕۆ گەرم دەكرێتەوە.
شارەزایانی خواردن چەندان جار هۆشدارییان داوە كە ئەوە مەترسیدارە، زۆرینەی خواردەمەنییەكان دەبێت بۆ یەك ژەم بن و دووبارە گەرم نەكرێنەوە.
د. ئیمی شا ئاماژەی بەوە كردووە، جێهێشتنی برنجی كوڵاو لە پلەی گەرمی ژووردا بۆ ماوەیەكی زۆر، زەوینەی گەشەكردن بۆ بەكتریا زیانبەخشەكان دروست دەكات.
ئەو پسپۆرە دەڵێت: دەبێت برنج بەزووترین كات بخرێتە ساردكەرەوەوە، لە كاتی گەرمكردنەوەشیدا دەبێت لە پلەی گەرمی 65 پلەی سەدی زیاتردا گەرم بكرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بەكتریاكە زیاد نەكات، هەروەها تا دەكرێت نابێت برنج بۆ رۆژی دواتر هەڵبگیرێت و دەبێت لە یەك ژەمدا بخورێت.