قۆناغی پیری زۆربه‌ی خه‌ڵكی ترساندووه، به‌تایبه‌تی كاتێك ته‌مه‌ن ده‌گاته سه‌رووی 80 ساڵ، ئه‌گه‌ری زۆره هه‌ندێك نه‌خۆشی روو له مرۆڤ بكه‌ن، ترسه‌كه‌یش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام پزیشكێكی ژاپۆنیی پسپۆر له بواری ده‌روونیی به‌ساڵاچووان، له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبێكه‌وه ئه‌و ترسه‌ی ره‌واندووه‌ته‌وه و ده‌یان رێنوێنی و ئامۆژگاری بۆ به‌ساڵاچووان ده‌خاته‌ڕوو، تا له رێگه‌یانه‌وه به سه‌لامه‌تی بژین و قۆناغی پیری نه‌كه‌نه به‌ربه‌ست له به‌رده‌م خۆشییه‌كانی ژیانیان.
به‌شی ته‌ندروستیی پێگه‌ی
"ئه‌هرام"ی میسری، رۆشنایی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و كتێبه‌ی كه هیدیكی وادا /61 ساڵ/ پزیشكه ژاپۆنییه‌كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كتێبه‌كه‌ی تایبه‌ت به كه‌سانی به‌ساڵاچووه و به‌تایبه‌تی كاتێك ته‌مه‌نی مرۆڤ ده‌گاته سه‌رووی 80 ساڵ، ده‌یان رێنوێنی و ئامۆژگارییان بۆ ده‌خاته‌ڕوو تا بتوانن له قۆناغی پیریدا به ته‌ندروستی بژین. كتێبه‌كه تا ئێسته 800 هه‌زار دانه‌ی به ناونیشانی "دیوار له ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا" لێ فرۆشراوه. پزیشكه‌كه‌یش ئه‌زموونی 30 ساڵ كاری له بواری ده‌روونیی به‌ساڵاچووان هه‌یه.
له‌باره‌ی رێنوێنی و ئامۆژگارییه‌كان به‌م شێوه‌یه ئاماژه‌یان پێ ده‌دات، له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر گرنگ رۆژانه ماوه‌یه‌ك به پێ بڕۆن، واته نابێ له جووڵه بكه‌ون. كاتێكیش تووڕه ده‌بن، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵبمژن، ئه‌گه‌ری زۆره نهێنیی هێزتان له‌وه‌دا بێت. له راهێنانی سووكی وه‌رزشی به‌رده‌وام بن بێ ئه‌وه‌ی پێویستیتان به یانه‌كان هه‌بێت، جووڵه‌كان ئه‌گه‌ر بچووك و ئاسانیش بن سوودمه‌ند ده‌بن.
ئه‌وه‌یش ده‌ڵێت كه هه‌رچی پێتان ده‌كرێ ئاو بخۆنه‌وه تا جه‌سته‌تان به ته‌ڕی بمێنێته‌وه. ده‌بێ بزانن تووشی له‌بیرچوونه‌وه نابن، به‌ڵكو هۆیه‌كه‌ی خۆتانن و ده‌بێ مێشك به‌كار بێنن، واته چالاكیی عه‌قڵی. ئه‌گه‌ر زۆر ناچار نه‌بن، هه‌وڵ بده‌ن كه‌مترین ده‌رمان به‌كار بێنن، زۆر به‌كارهێنانی ده‌رمان مه‌رج نییه بۆ ته‌ندروستی باش بێت. زۆرجار تووشی ته‌مه‌ڵی ده‌بن و ئه‌وه‌یش شه‌رمه‌زاری نییه، به‌ڵكو پێویستیتان به پشوو له ژیاندا هه‌یه.
ئه‌و پزیشكه له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت، هه‌وڵ بده‌ن هه‌ر شتێك حه‌زتان لێیه‌تی بیكه‌ن تا ئاسووده بن، پێتان وانه‌بێ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن ئاره‌زووه‌كانتان سست ده‌كات، هه‌وڵ مه‌ده‌ن ئه‌و بڕوایه بۆ خۆتان دروست بكه‌ن، به‌ڵكو به‌پێی توانا خۆتان له ئاره‌زووه‌كانتان بێبه‌ش مه‌كه‌ن، هه‌رچی پێتان ده‌كرێ خۆتان له‌ناو ماڵه‌وه نه‌هێڵنه‌وه، هه‌وای پاك و له ژینگه‌ی پاكتر سوودی زۆری ده‌بێت. هه‌روه‌ها حه‌زتان له هه‌ر خواردنێك هه‌یه بیخۆن، سڵ له‌وه مه‌كه‌نه‌وه كێشتان زۆر ده‌بێت.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه هه‌ر شتێك ده‌تانه‌وێ بیكه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن به له‌سه‌رخۆیی و به‌بێ په‌له‌كردن جێبه‌جێی بكه‌ن، هاوكات هه‌وڵ بده‌ن پاڵه‌په‌ستۆ له توانای خۆتان مه‌كه‌ن، پاڵه‌په‌ستۆ زیان به ته‌ندروستیتان ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ خۆراكیش بایه‌خ به خواردنی میوه و زه‌ڵاته بده‌ن. كاتێكیش ده‌تانه‌وێ خۆتان بشۆن، هه‌وڵ بده‌ن ئه‌وپه‌ڕی 10 خوله‌ك له گه‌رماودا بمێننه‌وه. هه‌روه‌ها بۆ خه‌وتن پاڵه‌په‌ستۆ له خۆتان مه‌كه‌ن و گرنگ نییه له چ كاتێكدا ده‌خه‌ون.
ئه‌و پزیشكه باس له‌وه‌ش ده‌كات كه بایه‌خ به سه‌ما و وێنه‌كێشان و گۆرانیگوتن و هه‌رچی شتێك بده‌ن ئه‌گه‌ر بزانن دڵتان پێی خۆش ده‌بێت. هه‌روه‌ها نهێنی له دڵی خۆتان نه‌هێڵنه‌وه و هه‌سته‌كانتان بۆ به‌رانبه‌ره‌كانتان بخه‌نه‌ڕوو. ئێوه په‌یكه‌ر نین و ئاساییه ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار بۆچوونه‌كانتان بگۆڕن. هه‌رچی بێ هه‌وڵ بده‌ن شتی نوێ فێر بن تا هه‌ست به پیری نه‌كه‌ن. خۆتان له تیشكی هه‌تاو مه‌دزنه‌وه و سوودی زۆری بۆتان ده‌بێت.
له رێنوێنییه‌كاندا ده‌ڵێت ئه‌و شتانه بكه‌ن كه به‌رانبه‌ره‌كانتان پێیان دڵخۆش ده‌بن، چونكه ئه‌وه ده‌ریده‌خات له ژیاندا ئامانجتان هه‌یه. رووداوه‌كان به ئاسایی وه‌ربگرن و خه‌م له شته بچووكه‌كان مه‌خۆن. دواتریش هه‌رچی پێتان ده‌كرێ پێبكه‌نن، ئه‌و پێكه‌نینه وا ده‌كات دڵتان هه‌میشه خۆش و كراوه بێت. هه‌موو ئه‌وانه له پێناو ته‌ندروستیی به‌ساڵاچوواندایه و هه‌وڵ بده‌ن له به‌رچاویان بگرن.