دەكرێ دەرمانی ماوە بەسەرچوو بخورێت؟

:: PM:05:50:23/12/2025 ‌

نەك تەنیا دەرمان، زۆر خۆراك ماوەی بەسەرچوونیان لەسەر نووسراوە و دەبێت مرۆڤ وریایان بێت و پابەندی قسەی شارەزایانی خۆراك و تەندروستی بێت لە بەكارهێنانیان، زۆر كەس لەگەڵ بەسەرچوونی دەرمان خۆیانی لێ رزگار دەكەن، بەڵام دوور لە قسەی شارەزایان ئەو ماوەیەی لەسەر دەرمان هەیە تا چەند وردن و ئاماژە بۆ نەمانی كاریگەریی دەرمانەكە دەكەن؟

وەك ماڵپەڕی "تایمز ئۆف ئیندیا"، باسی دەكات، گارید ستوكویل دەرمانساز لە یەكەی چاودێریی چڕ ئاماژە دەكات، مێژووی بەسەرچوونی دەرمان كە نووسراوە، ئەو ماوەیە دیاری دەكات كە كۆمپانیاكە گەرنتیی كاریگەری تەواوی دەكات، نەك كەی دەرمانەكە تەواوی كاریگەرییەكەی لەدەست دەدات.

لە 1979 بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی دەستی كرد بە دانانی مێژووی بەسەرچوون لەسەر دەرمانەكان لەسەر بنەمای تاقیكردنەوەی خۆگرتنیان، لە 1986 بەڕێوەبەرایەتییەكە بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری بەرنامەیەكی درێژكردنەوەی تەمەنی گریمانكراوی بۆ دەرمانە بەسەرچووەكان جێبەجێ كرد، دەركەوت 88%ی دەرمانەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە دوای بەسەرچوونیان كاریگەرییان هەبوو و هەندێكیان گەیشتنە 10 بۆ 15 ساڵ، لەكاتی ئەمباركردنی لە ناوەندێكی باش و گونجاودا. 

هەرچی حەبە رەقەكانی وەك ئیپۆپرۆفین و ئەستامینۆفین و دژەهیستامینە، ئەگەر دوور لە شێ و گەرمی و رووناكی هەڵبگیرێن، تا ساڵانێك دوای بەسەرچوونیان كاریگەرییان دەمێنێت، هەرچی دەرمانەكانی وەك ئەنسۆلین و EpiPens و دڵ و ئەنتی بایۆتیكی شلە، بەخێرایی كاریگەرییان لەدەست دەدەن و مەترسیدار دەبن، بۆیە نابێت دوای بەسەرچوونیان بەكاربهێنرێن.

ئەو دەرمانسازە دووپات دەكاتەوە كە هەڵگرتنی باشی دەرمان و پشكنینی بە چاوی دەرمانە بەسەرچووەكان، واتە گۆڕانكاری لە رەنگ و بۆن و شێوەیان، یارمەتی مرۆڤ دەدات لە دیاریكردنی دەرمانەكانی بەكەڵك بەكارهێنان دێن، بەڵام ئەوانەی گومانیان لەسەر دروست دەبێت وا باشترە راوێژ بە پزیشك و دەرمانساز بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل