زۆر بەكارهێنانی سۆشیال میدیا تووشی خەڵەفانت دەكات

:: PM:08:45:24/12/2025 ‌

تا دێت رێژەی تووشبوون بە خەڵەفان و نیشانەكانی زیاتر دەبن، بەتایبەتی ئەلزەهایمەر، دەیان و سەتان توێژینەوە لەوبارە بۆ زانینی هۆكار و چارەسەری كراوە، شارەزایان وریایی لە بەكارهێنانی زۆری سۆشیال میدیا دەدەن، بەوەی بە نەرێنی كار لە تەندروستیی مێشك دەكات و فەرمانەكانی لاواز دەكات و مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان لەسەر ئاستی دوورخایەن زیاتر دەكات. 

د. بینگ دەڵێت، ئامرازەكانی سۆشیال میدیا زیانبەخش نین، بەڵام شێوازی بەكارهێنانیان لە لایەن تاكەكانەوە رۆڵی سەرەكی لە زیانبەخشبوونیان دەبینێت، تێپەڕاندنی بەردەوامی بابەتە كورت و وزە بەرزەكانی سوشیال میدیا، دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی مێشك و لاوازبوونی یادەوەری و توانای تەركیزكردن، ئەوانەش توانا و فەرمانەكانی مێشك لاواز دەكەن. 

توێژینەوەكان دەریان خستووە كە سۆشیال میدیای راستەقینە و پێوەندیكردنی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتر، مێشك لە خەڵەفان دەپارێزن و فەرمانی هۆشیاری و بیركردنەوە چالاك دەكەن، لەوكاتەی خۆدابڕان و تەنیایی دەبنە هۆی لاوازیی درككردن كە بەرەو خەڵەفان پەرە دەستێنن، توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە مانەوەی بەدیار سۆشیال میدیا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ سەعاتی رۆژانە، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وریایی و لەدەستدانی یادەوەری و لاوازیی توانای مێشك لە بەجێگەیاندنی ئەركە قورسەكان. 

د. بینگ پێی وایە كە مێشك لەسەر خووە دووبارەبووەكان رادێت، بۆیە سەرقاڵبوون بە تێپەڕاندی بەردەوام لە بابەتەكانی سۆشیال میدیا، وا دەكات مێشك توانای لەو بارەوە پەرە پێ بدات و بەخێرایی لەناو زانیارییەكان هاتوچۆ بكات، ئەوەش لە بری تەركیزكردن لەسەریان و وەرگرتنی گرنگەكانیان، بۆیە گرنگە مرۆڤ هاوسەنگی لە نێوان ژیانی دیجیتاڵی و ژیانی كردەنی دروست بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل