ناوكەی زۆر خۆراك هەن كە بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر سوودمەندن و هی ئەوەی بایەخی زۆر بە خواردنیان بدرێت، لە زۆربەیاندا ریشاڵی زۆر هەیە كە بۆ هەرس و وزە زۆر بەسوودن، نموونەیان ناوكەی كوولەكە و شووتی و گۆڵەبەڕۆژە و كونجی و شیا و زۆری تریش، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بە سوودەكانیان دەدەن.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 27ی كانوونی یەكەم، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی Hindustan Times وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە و ئاماژە بەوە دەدەن، بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ، زۆر گرنگە بایەخی زۆر بە خواردنی ناوكەی زۆر خۆراك بدەن، بۆیە بۆ هەر ناوكەیەك سوودەكانی بۆ مرۆڤ روون دەكەنەوە كە پێیان وایە بۆ تەندروستی جۆرێكن لە گەوهەر.
ناوكەی تۆی شووتی كە هۆرمۆنەكان هاوسەنگ دەكات و سوودی زۆری بۆ هەرس هەیە، بە ئۆمیگا3 دەوڵەمەندە، بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە بەرلە خواردنی، باشترە بهاڕێ و لەگەڵ ئاوی میوە بخورێتەوە، تەنیا لەوكاتەدا لێ دوور بكەونەوە ئەگەر كەسەكە كێشەی سكچوونی هەبێت، ئەگەر نا بۆ تەندروستیی دڵ زۆر سوودمەندە.
هەروەها ناوكەی شیا كە ئەویش سوودی بۆ هێشتنەوەی جەستە بە تەڕی هەیە و بە ریشاڵەكانی ئەركی هەرس باشتر دەكات. پسپۆران دەڵێن ناوكەی شیا بۆ ماوەی 30 خولەك تا دوو سەعات تەڕ بكرێت، پاشان لەگەڵ ئاو بخورێتەوە، سوودی زیاتری دەبێت، ئەویش وا دەكات غازات لە سكدا نەمێنێت، بەشێوەیەكی گشتیش سوودی زۆری بۆ دڵ دەبێت.
هاوكات باس لە ناوكەی كوولەكە دەكرێت كە بە زنك دەوڵەمەندە و بەرگریی جەستەیش بەهێزتر دەكات، جیالەوەی سوودی زۆری بۆ دابەزاندنی كێش هەیە و زۆربەی سوودەكانیشی بۆ پارێزگاری دڵە، بە برژاوی و كاڵی دەخورێت و هەوڵ بدرێ لە خواردنیدا زۆر سوێر نەكرێت.
هەروەها پسپۆران باس لە ناوكەی كاڵەكی زەرد دەكەن كە بۆ هەرس زۆرباشە و پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ دەكات، بەڵام زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت كە ئەگەر هەیە ببێتە هۆی سەكچوون. هاوكات باسلە كونجیش دەكەن كە رێژەیەكی زۆر كالسیۆم لەخۆ دەگرێت، جیا لە پارێزگاری لە دڵ، لەگەڵیشیدا سوودی زۆری بۆ پێست و پرچ هەیە، بەڵام هەوڵ بكرێ لە وەزی هاویندا زۆر نەخورێت كە دەبێتە هۆی وەرگرتنی گەرمیی زیاتر بە جەستە.
ناوكەی گوڵەبەڕۆژە كە بە ڤیتامین "ئی" دەوڵەمەندە، سوودی زۆری بۆ پێست و هاوكات دڵ هەیە، بەڵام پسپۆران دەڵێن وریابن لەوەی زۆر سوێر نەكرێت، چونكە ئەو ناوكەیە خۆی رێژەیەكی زۆر لە سۆدیۆم لەخۆ دەگرێت.
دواتریش باس لە ناوكەی كاڵەك دەكرێ كە بە مەگنسیۆم و ئاسن دەوڵەمەندە، هەروەها سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ وەرگرتنی پرۆتینی رووەكی، هەموو ئەوانە بۆ پارێزگای لە تەندروستیی دڵ زۆر سوودمەندن.