گۆشتی ماسی بەشێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆرباشە، زۆرجاریش پزیشك بۆ نەخۆشەكانی ئامۆژگاری دەخاتەڕوو كە گۆشتی ماسی بخۆن، لەناویاندا ماسیی سەلەموون، چونكە جیالەوەی ئەو جۆرەی ماسی تامی تایبەتی هەیە، هاوكات رەگەزە خۆراكییەكانی لە سەرووی تەواوی جۆرەكانی تری ماسییە، بەتایبەتی بۆ گەشەكردنی منداڵان زۆر سوودمەندە.
پێگەی "
شەرق ئەوسەت" لەسەر زاری پسپۆرانی بواری خۆراك، لە پێگەی "كلیفلاند كلینیك"ی وەرگرتووە كە پسپۆران قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە جۆری ماسیی سەلەموون لە رووی تەندروستییەوە سوودەكانی لە سەرووی جۆرەكانی ترسی ماسین، بۆ نموونە بۆ تەندروستیی دڵ و دەروونی و ماسولكە و ئێسك و چاوەكان، چونكە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ڤیتامینەكان، هاوكات گۆشتی ئەو جۆرە ماسییە بۆ گەشەكردنی منداڵان زۆر بەسوودە.
لە گۆشتی ماسیی سەلەمووندا جیا لە پرۆتین و ڤیتامینە جۆراوجۆرەكان، هاوكات بە ئۆمێگا3 زۆر دەوڵەمەندە، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاری دەكەن كە زۆر گرنگە بەلای كەمەوە لە ماوەی هەفتەیەدا دووجار گۆشتی ماسیی سەلەموون بخۆن، ئۆمیگا3 كە لە سەلەمووندا زۆرە، بەتایبەتی ترشەڵۆكی دۆكۆساهیكسانویك، مێشكی منداڵ گەشە پێ دەكات و سەرنجی باشتر دەكات، بۆیە بە خۆراكی مێشك ناو دەبرێت.
هەروەها منداڵ بۆ گەشەكردنی پێویستیی بە پرۆتینە بۆ بەهێزكردنی ماسولكە و ئێسكەكانی، گۆشتی سەلەموونیش سەرچاوەیەكی زۆرباشی پرۆتینی بێ چەورییە، هاوكات باشترین خۆراكە بۆ هەرس. لەگەڵیدا ڤیتامینی "دی" بەهەمانشێوە لە سەلەمووندا زۆرە كە بۆ تەندروستیی ئێسك و بەهێزكردنی زۆر سوودمەندە، هاوكات فسفۆر لە سەلەمووندا زۆرە و ئەویش بۆ تەندروستیی ئێسكەكان بەتایبەتی بۆ منداڵان بەسوودە.
هەروەها ڤیتامینەكانی "دی" و "بی12" و "بی6" لە گۆشتی سەلەمووندا زۆرە، هەموو ئەوانە پارێزگاری لە بەهێزكردنی بەرگریی جەستەی منداڵان دەكەن، بەتایبەتی بۆ ئێسكەكانی.
دواتریش پسپۆران لەبارەی سوودەكانی گۆشتی سەلەموون بۆ منداڵان، باس لەوە دەكەن كە بۆ مێشك زۆر بەسوودە و بەپێی توێژینەوەكانی پێشتر كراون، بۆ منداڵانی تەمەن نۆ تا 11 ساڵ، رۆڵی زۆر گەورەی هەیە بۆ خەوی ئاسوودە. بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ئەو جۆرە گۆشتەی ماسی، پێویستە بكرێتە ژەمی سەرەكیی خۆراكی منداڵان تا بۆ گەشەكردنیان سوودی لێ ببینن.