رەنگە زۆر كەس لەكاتی شەرم و كەوتنە هەڵوێستی نەخوازراو رووخساریان سوور هەڵگەڕێت، بەڵام ئەوە بۆچی روودەدات و سوود و كاریگەری چییە؟
سوورهەڵگەڕانی رووخسار لەكاتی شەرمكردن كاردانەوەیەكی ئاساییە بۆ هەستكردن بە شەرمەزاری یان شەرمكردن، كاتێك خوێن زیاتر بۆ دەموچاو و مل و سینگ دەچێت و كۆئەندامی دەماری سامپەساوی زیاتر چالاك دەبێت و دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئەدرینالین كە لوولەكانی خوێن لە دەموچاو فرەوان دەكات، بەوەش هەست بە گەرمبوون و سووربوونەوەی دەكرێت، بەتایبەتی لەوانەی پێستیان كراوە و سپییە.
وەك ماڵپەڕی
" Medical Express "، ئاماژە دەكات، زانایان پێیان وایە سوورهەڵگەڕانی رووخسار ئەركێكی گرنگی كۆمەڵایەتی هەیە، ئاماژەیەكی نەگوتراوە بۆ هەستكردن بە هەڵە یان هەڵوێستێكی شەرمەزاری كە رەنگە ببێتە مایەی دروستبوونی متمانە و پارێزگاریكردن لە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، راستگۆیی و دڵسۆزی كەسەكە پێشان دەدات، بەتایبەتی كە سوورهەڵگەڕانەكە كۆنترۆڵ ناكرێت.
بەپێی توێژینەوەكان ژن و گەنجان زیاتر تووشی دەبن، هەروەها ئەوانەی رارایی كۆمەڵایەتییان هەیە، لەگەڵ چوونە ناو تەمەن سوورهەڵگەڕانی رووخسار بەهۆی راهاتن و شارەزایی لە پێوەرە كۆمەڵایەتییەكان كەمتر دەبێتەوە، ئەو حاڵەتە پێویستیی بە چارەسەری پزیشكی نییە، دەكرێ ئەگەر شەرمەكە زۆر بێت چارەسەری ئاكاری بۆ بكرێت.