نەخۆشییەکانی دەم و ددان وەک (هەوكردنی پووک و شانەکانی چواردەوری ددان)، دەتوانن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دڵ و بۆڕییەکانی خوێن: وەک:
1-بڵاوبوونەوەی بەکتریاکان بۆ ناو سووڕی خوێن، لە کاتی هەوکردنی پووک، بەکتریاکان دەتوانن خۆیان بگوازنەوە بۆ ناو سووڕی خوێن و بگەن بە دڵ، دەکرێت ئەمە هۆکار بێ بۆ (endocarditis) هەوکردنی پەردەی ناوەوەی دڵ کە حاڵەتێکی لە ناکاوی پزیشیکییە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە.
2-زیادبوونی هەوکردن لە جەستەدا، ئەمەیش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ..
3-زیادبوونی مەترسییەکانی توشبوون بە جەڵدەی دڵ. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی هەوکردنی درێژخایەنی پووک و شانەکانی چواردەوری ددانیان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵدەی دڵ زیاترە.
4-کاریگەریی لەسەر پەستانی خوێن و شەکرەی خوێن، هەوکردنی دەم و ددان دەتوانێ پەستانی خوێن بەرز بکاتەوە و کۆنترۆڵی شەکری خوێن خراپتر بکات، ئەمە دوو حاڵەتەیش لە هەر مرۆڤێكدا ڕوو بدەن، کاریگەری خراپیان لەسەر دڵی دەبێ.
چۆن خۆمان بپارێزین؟
پاککردنەوە و شووشتنی ددان ڕۆژانە دوو جار
بەکارهێنانی دەزووی پاککردنەوەی بەینی ددانەکان.
چارەسەری هەوکردنی پووک لە لای پزیشکی ددان
لە حاڵەتی ئاسایی ژیانی هەر كەسێكی پێگەیشتوودا، پێویستە هەموو شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی ددان بکات بۆ پشکنینی دەم و ددان.
کۆنترۆڵکردنی شەکرە و پەستانی خوێن، ئەمەیش پێویستی بە سەردانی پزیشكی تایبەتمەند هەیە، بۆ ئەوەی حاڵەتەكە ددەستنیشان و كۆنترۆڵ بكات، خۆشبەختانە ئێستە پزیشكی پسپۆڕ لە هەموو بوارەكاندا زۆر بووە و بۆ بەختی مرۆڤ، كەرتی تەندروستی زۆر پێشكەوتووە و زۆرینەی پێكهاتە و ئەندامانی جەستە پزیشكی پسپۆڕی وردی هەیە و چارەسەر ئاسانە، ئەگەر مرۆڤ چاودێری تەندروستی خۆی بكات.
دەم و ددان كە جاران بایەخی ئەوتۆی پێ نەدراوە، ئێستە بوارێكی سەرنجڕاكێشی كۆلیژە پزیشكییەكان و خواستی زۆر لەسەرە، بۆیە هاوكات لەگەڵ گەشەسەندنی ژیان و مەیلی مرۆڤ بۆ بە جوانی مانەوە، گرنگی باشتر بە دەم و ددان دەدرێ، بەڵام پشتگوێخستنیشی ئەگەر ئەو نەخۆشییانە زیاد دەكات كە كەمتر باس كراوە، بۆیە بە گرنگی دەزانم هەركەس پاكوخاوێنی ددانی بكات بە نەریت و هەم سوودی بۆ خۆی هەیە هەم بە جوانی و پارێزراوی دەمێنێتەوە.
دکتۆر هاوناز عەبدوڵا پزیشکی جوانکاری و نەشتەرگەریی دەم و ددان.