كەمبوونی سۆدیۆم لە خوێن و كاریگەریی لەسەر تەندروستی

:: PM:03:04:08/01/2026 ‌
سۆدیۆم مادەیەكی سەرەكییە لە ئیلترۆلیتات كە پارێزگاری لە هاوسەنگیی ئاو لەناو شانەكان و دەوروبەری دەكات، بۆیە زۆر پێویستە بۆ ئەركەكانی ماسولكەكان و مێشك، جیا لەوەی رۆڵ بۆ راگرتنی ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن هەیە، بۆیە زۆر گرنگە هەوڵ بدرێت سۆدیۆم لە خوێندا كەم نەكات كە دواتر دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەند نەخۆشییەك.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی كانوونی دووەم، لە پێگەی "هێڵس لاین"ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، كەمبوونی سۆدیۆم لە خوێن كاتێك دروست دەبێت، هاوسەنگی لە نێوان ئاو و سۆدیۆم نامێنێت، واتا كاتێك دروست دەبێت كە ئاو یان سۆدیۆم، یەك لەوانە لە خوێندا كەم دەبن. بۆیە گرنگە پارێزگاری لە سۆدیۆم و ئاویش لە خوێندا بكرێت كە دواتر دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەندان نەخۆشی.

كەمبوونی سۆدیۆم لە خوێن كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، چەندان نیشانەی هەیە، بەڵام مەرج نییە راستەوخۆ دەربكەوێت، چونكە كەمبوونەوەكە وردە وردە كاریگەریی دەبێت و دەردەكەوێت، نموونەی نیشانەكانیش بێ تاقەتی، سەرئێشە، بوورانەوە یان سەرسووڕان، ئازاری ماسولكەكان. كاتێكیش سۆدیۆم زۆر زیاتر لە خوێن كەم دەبێت، دەبێتە هۆی بوورانەوە، تووشبوون بە نەخۆشیی پەركەم، هەندێك جاریش دەگاتە ئاستی مردن.

كەمبوونی سۆدیۆم لە خوێن هۆكارگەلێكی هەن، بۆ نموونە كاتێك جەستە ئاوێكی زۆر و ئەلیكترۆلیتات لە دەست دەدات، ئەوكات سۆدیۆم بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت، هەروەها لە هەندێك حاڵەتی وەك سكچوون، یان بەكارهێنانی زۆری دەرمانی دژە خەمۆكی یاخۆ دەرمانی ئازارشكێن. زۆر میزكردن و تووشبوون بە وشكبوونەوەی جەستە، هەندێك حاڵەتیش نەخۆشییەكانی گورچیلە و جگەر هۆكاری ترن. لەگەڵیدا شەكرە و نەخۆشیی ئەدیسۆن.

لەبارەی ئەوانەی زیاتر تووشی كەمیی سۆدیۆم دەبن، ئاماژە بەوە دراوە ئەوانەی دەچنە ناو تەمەنەوە، هەروەها زۆر میز دەكەن، لەگەڵیدا ئەوانەی زیاتر دەرمانی دژە خەمۆكی بەكار دێنن. راهێنانی زۆری وەرزش نموونەی ماراسۆن، هەروەها ژیان لە كەشی گەرم، هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ كەمبوونی سۆدیۆم لە خوێن.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د