مانگی سووری كوردی هۆشدارییەكی توند لەبارەی تێكچوونی دۆخی مرۆیی لە ناو گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەب دەدات، بەتایبەتی لە گەڕەكی شێخ مەقسوود. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، ئەو ناوچانە بەدەست كەمیی دەرمانەوە دەناڵێنن و زۆربەی نەخۆشخانەكانیش بەتەواوی لە كار كەوتوون.
لە بەشێكی تری زانیارییەكاندا هاتووە، دەسەڵاتدارانی سەربە دیمەشق، ڕێگرییان لە كاروانێكی پزیشكیی مانگی سووری كوردی كردووە كە بە مەبەستی گواستنەوەی بریندارەكان و تەرمی قوربانیانی پێكدادانە خوێناوییەكان، بەرەو ئەو ناوچانە بەڕێ كەوتبوون.
ئاماژە بەوەش كراوە، كاروانی هاوكارییەكان گەیشتووەتە ناوچەی دێر حافر و داوا لەلایەنە پێوەندیدارەكان كراوە، ڕێڕەوێكی مرۆیی بۆ تێپەڕبوونی تیمەكان بكەنەوە، بەڵام داواكارییەكەیان ڕەت كراوەتەوە و ڕێگرییان لێ كراوە هاوكارییە پزیشكییەكان بگەیەننە شوێنی مەبەست.