كەمخەوی تەمەن كورت دەكات

:: PM:09:21:11/01/2026 ‌

نوستن یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی ژیانی مرۆڤ، بۆیە ئەوانەی كێشەی خەویان هەیە، مرۆڤی تەندروست نین، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە كەمخەوی ساڵانێك لە تەمەنی مرۆڤ كورت دەكاتەوە و نوستنی خراپ زیاتر لە هۆكارەكانی تری وەك سیستمی ناتەندروستی خۆراك و ئەنجامنەدانی وەرزش و دابڕان ناوەندی تەمەن كورت دەكاتەوە.

وەك لە راپۆرتێكی "فۆكس نیوز"، هاتووە، توێژەران لە زانكۆی ئۆریگۆن بۆ تەندروست و زانس داتای چەندان كەسیان لە ناوەندەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان وەرگرت و ئەو هۆكارانەیان دیاری كرد كە پێوەستن بە ناوەندی تەمەنەوە، واتە كاریگەرییان لەسەر تەمەنی مرۆڤ هەیە، بۆیان دەركەوت كە كەمخەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی مردن و لە پۆلێنكردنی هۆكارە مەترسیدارەكان، لە پلەی پێشەوە دێت و تەنیا جگەرەكێشان پێش ئەو دەكەوێتەوە.  

ئەندرۆ مەكهێل سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە گوتی، پێشبینیی ئەوەمان نەدەكرد كە نوستن ئەو كاریگەرییە بەهێزەی لەسەر ناوەندی تەمەنەوە هەبێت، پێمان وابوو نوستن گرنگە، توێژینەوەكە گرنگیی نوستنی دەرخست، بۆیە پێویستە خەڵك هەوڵ بدەن شەوانە لە حەوت بۆ نۆ سەعات بخەون، توێژینەوەكە دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستە گرنگیی لەپێشینە بە نوستن بدەین وەك ئەوەی بە خواردن و وەرزشكردنی دەدەین.

د. دانیال ئەمین پزیشكی پسپۆڕی دەروونی پێی وایە نوستن بۆ فەرمانەكانی مێشك و درێژیی تەمەن زۆر گرنگە، روونی كردەوە، كاتێك دەخەوین، مێشك خۆی پاك دەكاتەوە و خۆی دەشوات، بۆیە ئەگەر كاتی پێویست نەخەوین، واتە زیاتر لە حەوت سەعات، مێشك بەتەمەنتر لەوەی هەیە دەردەكەوێت و خوێنی كەمتر پێ دەگات و هەوكردنی زیاتر دەبێت، چونكە مێشك كاتی پێویستی نابێت بۆ خۆرزگاركردن لەو ژەهرانەی بە رۆژ كەڵەكە دەبن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل