نەخۆشانی پەستانی خوێن هەست بەوە دەكەن كە لە وەرزی زستان پەستانی خوێنیان زیاترە و پەستانپێوەكەیان زیاتر دەخوێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو گرژبوون و چوونەوەیەكەی لوولەكانی خوێن بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما روو دەدات، جیا لە هۆكاری تر.
د. دیفێندرا سینگ یاداف دەڵێت، دابەزینی پلەكانی گەرما دەبێتە هۆی گرژبوونی لوولەكانی خوێن و ئەوەش بارگرانی دەخاتە سەر دڵ و كار لە گورچیلەكانیش دەكات، زۆرینەی نەخۆشان هەست بە بەرزیی پەستانی خوێنیان لە رۆژە ساردەكان دەكەن، دووپاتی كردەوە كە پشتگوێخستنی ئەو حاڵەتە رەنگە كاریگەریی مەترسیداریی تەندروستی هەبێت، بۆیە پێویستە لە وەرزی سەرما رۆژانە جارێك یان دوو جار پەستانی خوێن بپێورێت.
روونی كردەوە، باشترین كات بۆ پێوانەكردنی پەستانی خوێن بەیانیانە بەر لە خواردنی ژەمی بەیانی و خواردنی دەرمان، هەروەها ئێوارەش جارێكی تر بپێورێت، ئەوە بۆ دەستكەوتنی خوێندنەوەیەكی ورد باشترە كە بتوانرێت لەسەر بنەمای بڕیاری وەرگرتنی چارەسەری زیاتر بدرێت، بەڵام نابێت لەوە زیاتر پێوانە بكرێت.
هاوكات پێویستە مرۆڤ هەندێك نیشانەی بەیانیان فەرامۆش نەكات، وەك سەرسووڕان و ئازاری سینگ و هەناسەتەنگی، ئەگەر خوێندنەوەی پەستانی خوێنیش ئاسایی بێت، دەتوانرێت لە وەرزی زستان بەو رێگایانە پەستانی خوێن كەم بكرێتەوە، راهێنانی سووكی وەرزشی لە ماڵەوە، پۆشینی جلوبەرگی باش و كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی پەستانی خوێن بەرز دەكەنەوە، وەك سۆدیۆم، خۆسەرقاڵكردن بە خوێندنەوە یان ئەو خولیایانەی پێیان دەحەسێیتەوە.