دكتۆر یەفگینی چێریمۆشكین كە پسپۆری گرێكانە، لەبارەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە ئاماژە بەوە دەدات، هەندێك خووی خراپی رۆژانە هەن، هۆكارن بۆ مەترسیی زیاتری شێرپەنجەی گەدە، بەتایبەتی چای زۆر گەرم و خۆراكی زۆر تیژ.
پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، زانیارییەكانی ئەو پزیشكەی كە قسەی بۆ رۆژنامەی "ئیزڤێستا" خستووەتەڕوو كە دەڵێت، جیا لە جگەرەكێشان كە بەشێوەیەكی گشتی كاریگەریی لەسەر تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە هەیە، هاوكات چای زۆر گەرم و خۆراكی زۆر تیژ، هۆكارن بە تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە.
دكتۆر یەفگینی چێریمۆشكین روونی دەكاتەوە، ئەو هۆكارانەی وا دەكەن زیانی زۆر بە دیواری ناوەوەی گەدە بكەوێت، چای زۆر گەرم كە دوای ئەوەی زۆر دەكوڵێت، راستەوخۆ بخورێتەوە، ئەوەیش وا دەكات برین و سووتان بە زراو و ناوەوەی گەدە بگات، دواتریش هەمان برین و سووتانەكەی دەبێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن و ئەگەری زۆرە بۆ داهاتووی دوورمەودا، مرۆڤ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە بكات.
ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە، جگەرەكێشان خۆی هۆكاری سەرەكییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، هەروەها خۆراكی سووركراوە و هاوكات تیژ و سوێر، هۆكاری رژدن بۆ گەشەكردنی شێرپەنجەكە. بۆیە زۆر پێویستە لە كێشانی جگەرە دوور بكەونەوە و هەروەها بایەخ بە خۆراكی تەندروست بدەن بۆ ژیانێكی تەندروستتر.
لەلایەكی تریشەوە داریا رۆساكۆڤا كە پسپۆری بواری خۆراكە ئاماژە بەوە دەدات، تەواوی خواردنەوە زۆر گەرمەكان، زیانیان بۆ تەندروستی بەگشتی و بەتایبەتی بۆ گەدە هەیە. دووپات دەكاتەوە كە زۆر كوڵانی خواردنەوەكان، كاریگەرییان لەسەر سووتانی زراو و گەدە هەیە و دواتریش تووشبوون بە هەوكردنی درێژخایەن، بۆیە زۆر پێویستە خواردنەوەكان بە نیمچەگەرمی بخۆنەوە، نەك لە دوای كوڵانیان راستەوخۆ بیانخۆنەوە.