بۆ ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە

:: PM:10:57:19/01/2026 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، بەتایبەتی جۆری دووەم زۆر بڵاوە، دەبێت ئەوانەی تووشی نەبوونە خۆیانی لێ بپارێزن، ئەوانەشی هەیانە كۆنترۆڵی بكەن بەر لەوەی بگاتە ئاستی زیانگەیاندن بە تەندروستی، دەركەوتووە كە شەكرە و خەو پێوەندییەكی بەهێزیان هەیە.

زۆرێك لە نەخۆشانی جۆری دووەم شەكرە بەدەست خراپیی نوستن و خەوزڕانەوە دەناڵێنن، بۆیە كۆنترۆڵكردنی شەكرە لە رێگەی گرنگیدان بە سیستمی خۆراك و شێوازی تەندروستی ژیان و راهێنانی وەرزشی و ئاساییكردنەوەی ئاستی شەكرەی خوێن، گۆڕانكارییەكی گەورە لە باشیی نووستنی ئەوان دروست دەكات، ئەوەش كار لە تەندروستیان بە گشتی دەكات، وەك دامەزراوەی "سلیپ فۆندیشن" باسی كردووە. 

بەهۆی ناجێگیربوونی ئاستی شەكر لە خوێن و نیشانەكانی، نەخۆشانی شەكرە تووشی كێشەی خەو و خەوزڕان دەبنەوە، جیا لەوەی بەهۆی خەمۆكی و راراییان لەبەر نەخۆشییەكەوە وا دەكات بەدرێژایی شەو بەخەر بن، جیا لەوە لە كاتی بەرزیی ئاستی شەكری خوێن گورچیلەكان قەرەبووی ئەوە دەكەنەوە و میزكردن زیاد دەبێت، بەتایبەتی شەوانە، ئەوەش شێوانی نوستن دروست دەكات، جیا لە دروستكردنی سەرئێشە و تێنوێتی و ماندووبوون، ئەوانەش خەو دەشێوێنن.

بەپێچەوانەشەوە كێشەكانی نوستن رۆڵیان لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە هەیە، لەوانە كەمخەوی یان نەگەیشتن بە قۆناغی خەوی قووڵ، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكرەی خوێن لە نەخۆشانی شەكرە و لە قۆناغی بیەر لە تووشبوون، لە توێژینەوەكان دەركەوتووە چواریەكی نەخۆشانی شەكرە كەمتر لە شەش سەعات یان زیاتر لە هەشت سەعاتی شەوانە دەخەون، ئەوەش مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكرە لە خوێن دروست دەكات، جیا لەوە ناڕێكیی كاتی نوستن و درەنگ نوستن، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكرەی خوێن، تەنانەت لەوانەش كە نەخۆش نین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل