رۆژانە پێنج خولەك رۆیشتن بە پێ مەترسیی مردن بەڕێژەی 10% دوور دەخاتەوە

:: PM:12:07:22/01/2026 ‌
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە تیمێك لە زانایان لە زانستی وەرزش لە قوتابخانەیەكی نەرویجی ئەنجامیان داوە، بۆیان دەركەوتووە كە رۆژانە رۆیشتن بە پێ بۆ ماوەی پێنج خولەك، وا دەكات مەترسیی مردنی پێشوەختە بە رێژەی 10% دوور دەخاتەوە.

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی لە گۆڤاری "زە لانسیت" وەرگرتووە، ئەو گۆڤارە توێژینەوە نوێیەكەی بڵاو كردووەتەوە كە تیمێك لە زانایان لە قوتابخانەی نەرویجی بۆ زانستی وەرزش ئەنجامیان داوە، لە ئەنجامی توێژینەوەكە بەوە گەیشتوون ئەگەر مرۆڤ رۆژانە بە پێ بۆ ماوەی پێنج خولەك بڕوات، بە رێژەی 10% مەترسیی مردنی پێشوەختە لە خۆی دوور دەخاتەوە، بەوەیش تا 75 ساڵی تەمەنی بە تەندروستی دەمێنێتەوە.

بۆ ئەوە توێژەران ئاماژە بە راهێنانی رۆژانەی جەستە دەدەن كە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مردنی پێشوەختە، ئەویش وا دەكات لێدانی دڵ هاوسەنگ بێت و هەناسەی باشتر بێت. راهێنانەكەیش جیا لە رۆیشتن بە پێ بە خێرایی، هاوكات سواربوونی پایسكل و مەلەكردن و سەما و خلیسكانەی سەر بەفر و وەرزشی تێنسیش دەگرێتەوە.

توێژەران باس لەوەیش دەكەن كە ئەوانەی كەمتر جووڵە و راهێنانی جەستەیی دەكەن، مەترسی لەسەر ژیانیان زیاتر دەبێت، بەڵام ئەگەر رۆیشتنەكەیان بە پێ بە خێرایی زیاتر بێت، ئەوكات مەترسیی مردنی پێشوەختەكەیان دوورتر دەبێتەوە. تەنانەت لە كاروباری ناوماڵیش و جووڵەی زیاتر، بەهەمانشێوە سوودی زۆری بۆ جەستە و تەندروستی دەبێت.

دواتریش دووپات دەكەنەوە كە هەرچی پێتان دەكرێت لە دانیشتن لەسەر مێز بۆ ماوەی زۆر و جووڵەنەكردن دوور بكەونەوە، خۆ ئەگەر راهێنانە جەستەییەكان رۆژانە ماوەی نیو سەعات بێت، ئەوكات مەترسیی مردنی پێشوەختە بە رێژەی 4,5% دوورتر دەبێتەوە. بۆیە هەرچی پێتان دەكرێ لە جووڵەی بەردەوام نەوەستن، ئەویش بۆ تەمەنێكی درێژتر و تەندروستییەكی باشتر.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د