بەرزیی پەستانی خوێن لە منداڵی ساوا مانای چییە؟

:: PM:06:46:27/01/2026 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە بەرزیی پەستانی خوێن لە منداڵی تازە لەدایكبوو، ئاماژەیەكە بۆ زیادبوونی مەترسیی بەرزیی پەستانی خوێنیان لە قۆناغەكانی دوای ئەوە، كە رەنگە ئەوەش پێوەندیی بە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێنەوە لە داهاتوو هەبێت. 

لە توێژینەوەیەكی بەلجیكی كە 500 منداڵی تەندروستی گرتەوە، ئەوانیان لە ماوەی چەندان ساڵ چاودێری كرد، واتە چاودێریی پەستانی خوێنیان كرا هەر لە دوای لەدایكبوونیانەوە و لە قۆناغەكانی پێش چوونە قوتابخانەوە و دوای چوونیشیان، ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی پەستانی خوێنیان بەپێی قۆناغەكانی گەشەكردنیان. 

ئەنجامەكان دەریان خست كە ئەو منداڵانەی لەكاتی لەدایكبوونیان یان لە قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە پەستانی خوێنیان بەرز بووە، بە رێژەی 3.75 جار زیاتر لە تەمەنی دوای چوونیان بۆ قوتابخانەش پەستانی خوێنیان بەرز بووە، هەروەها دەركەوت كە 80%ی منداڵان پارێزگاریان لە ئاستێكی جێگیری پەستانی خوێنیان كردووە، لەوكاتەی ئەوانەی سەرەتا پەستانی خوێنیان بەرز بووەن لە تەمەنی دوای قوتابخانەش هەر بەرز بووە.

توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە تێگەیشتن لە پەرەسەندنی پەستانی خوێن لە منداڵییەكی زوودا، هەلێكی باشتر بۆ چارەسەرێكی خۆپارێزی بۆیان دەرەخسێنێت، بۆیە گرنگە پێوانەكردنی پەستانی خوێن بخرێتە ناو رێوشوێنەكانی چاودێریی تەندروستی لەكاتی لەدایكبوونەوە، بەو پێیەی رێوشوێنێكی درێژخایەنی خۆپارێزییە بۆ رێگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن لە داهاتوودا.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل