جگەرەكێشانی منداڵ و هەرزەكاران خەمۆكیی بەدواوە دەبێت

:: PM:12:17:28/01/2026 ‌
توێژینەوەیەكی نوێی ئەڵمانی ئاشكرای كردووە، كە جگەرەكشێانی پێشوەختە واتە لە منداڵییەوە یان لە قۆناغی هەرزەكاری، هۆیەكە بۆ تووشبوون بە خەمۆكی لە قۆناغێكی تری ژیانی كەسەكە. توێژینەوەكە ئەوەیشی ئاشكرا كردووە كە نیكۆتین بۆ ماوەیەكی درێژ، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر مێشك دەبێت.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە بڵاوكراوەی BMC Public Health وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە بەپێی گەورەترین توێژینەوە كە لەسەر ئاستی ئەڵمانیا بەگشتی كراوە، ئەنجامەكەی باس لەوە دەكات كە جگەرەكێشان وێڕای ئەوەی بەگشتی زیانی زۆری لەسەر تەندروستی هەیە، بەوەی دووكەڵەكەی هەزاران مادەی كیمیایی زیانبەخش لەخۆ دەگرێت، جیا لە قەتران و نیكۆتین، بەڵام ئەگەر كەسەكە لە منداڵی یان لە هەرزەكارییە جگەرە بكێشێت، ئەوكات كاریگەرییەكەی لە قۆناغەكانی تری ژیانیدا تووشی كێشەی مێشكی دەكات، لەناویاندا خەمۆكی.

توێژەران زیاتر دەڵێن، خۆی كێشانی جگەرە مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، دڵ و دەمارەكان و هەناسە دەكات، لەگەڵیشدا كاریگەریی لەسەر جۆری ژیان و توانای جەستەیی دەبێت، بەڵام كاتێك جگەرەكێش لە منداڵی یان هەرزەكاری دەست بەو كردەیە دەكات، ئەوكات لە قۆناغەكانی تر كە ناگاتە قۆناغی پیری، كاریگەرییەكەی زیاتر لەسەر مێشكی دروست دەبێت و تووشی نەخۆشییەكانی دەروونیی دەكات، لەناویاندا خەمۆكی.

توێژەران لە توێژینەوەكەیاندا 174 كەسیان بە نموونە وەرگرتووە كە تەمەنیان لە نێوان 19 تا 72 ساڵ بووە، نیوەی بەشدارانیش ژن بوون، یەك لە پرسیارە سەرەكییەكانیش ئەوەیە لە كەیەوە جگەرە دەكێشێت، هاوكات جیاوازی لەسەر تەندروستیی لەسەر ئەوانەی لە بنچینەوە جگەرە ناكێشن، هەروەها ئەوانەی لە قۆناغێكی گەورەییدا جگەرە دەكێشن، لەگەڵ ئەوانەی لە منداڵی یان هەرزەكاری جگەرە دەكێشن، هەموو ئەوانە پشكنین لەسەر نەخۆشییە دەروونییەكانیان بۆ كراوە و پێوەستبوون بە جگەرەكێشان و كاریگەرییەكەی لەسەر حاڵەتی دەروونییان، دەركەوتووە ئەوانەی لە منداڵی یان هەرزەكاری فێری جگەرەكێشان بوون و تا ئێستە بەردەوامن، لە قۆناغێكی ژیانیاندا تووشی خەمۆكی بوون.

دواتریش توێژەران دەڵێن كە بەپێی ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتوون، مادەی نیكۆتین كاریگەریی لەسەر گەشەكردنی مێشك دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵ و هەرزەكارانەی لەو قۆناغەی ژیانیاندا تووشی جگەرەكێشان دەبن، چونكە ئەو قۆناغانەی ژیانی مرۆڤ، جۆرێكە كە هەرزەكار زیاتر تووشی تووڕەیی هەڵچوون دەبێت.  





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د