بە "پاشەڕۆی مرۆڤ" چارەسەری شێرپەنجە بەهێزتر دەکرێت

:: PM:12:29:30/01/2026 ‌
دوو توێژینەوەی پزیشکیی نوێ ئاشکرای دەکەن، بەکارهێنانی تەکنیکێکی داهێنەرانە کە پشت بە "پاشەڕۆی مرۆڤ" دەبەستێت، دەتوانێت شۆڕشێک لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا بەرپا بکات و کاریگەریی دەرمانەکان زۆر زیاد بکات.

ئەمڕۆ هەینی، گۆڤاری زانستیی "Nature Medicine" ئەنجامی دوو توێژینەوەی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئەم ڕێگەچارە نامۆیە دەتوانێت گۆڕانکاریی گەورە لە چارەسەری چەند جۆرێکی وەرەمی پیسدا بکات، ئەویش لە ڕێی بەهێزکردنی وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگریی نەخۆش و کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژەهراوییەکانی چارەسەرە باوەکان.

توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر تێکەڵکردنی کەپسوولی (FMT) -کە لە پاشەڕۆی کەسانی تەندروست دروست دەکرێت- لەگەڵ چارەسەری بەرگریی ستاندارد کردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەم کەپسوولانە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارەکانی وەک هەوکردنی قۆڵۆن و سکچوونی توند کەم دەکەنەوە، کە زۆرجار نەخۆش ناچار دەکەن چارەسەرەکە بوەستێنێت.

لە توێژینەوەی دووەمدا کە لەسەر تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان و شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) کراوە، ئەنجامەکان "سەرسوڕهێنەر" بوون. دوای وەرگرتنی چارەسەری (FMT)، 80%ی تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەر هەبووە، لە کاتێکدا بەبێ ئەم کەپسوولە ڕێژەکە تەنیا 39% تا 45% بووە.

هەروەها 75%ی تووشبووانی شێرپەنجەی پێست دوای تێکەڵکردنی دوو چارەسەرەکە، دۆخیان بەرەو باشبوون ڕۆیشتووە، لە کاتێکدا بە چارەسەری ئاسایی ڕێژەکە لە نێوان 50% بۆ 58% بووە.

ئەم کەپسوولە پێشکەوتووانە کە بە (LND101) ناسراون، لە پەیمانگای "لۆسۆن" لە کەنەدا پەرەیان پێ دراوە و لە پاشەڕۆی بەخشەری تەندروست دروست دەکرێن، ئامانج لێیان گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەی نەخۆشەکەیە، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ شەڕکردن دژی وەرەمەکە دروست بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود