زۆرن ئەوانەی بۆ بەهێزكردنی توانای سێكسییان خۆیان، پەنا دەبەنەبەر خواردنی خورما وەك میوەیەكی سروشتی و شیرین، بەڵام لەوبارەیەوە پسپۆرانی بواری خۆراك و توانای سێكسی یان لاوازبوونی ئاماژە بەوە دەدەن، خورما وەك هەر خۆراكێكی تەندروست رۆڵی هەیە لە بەهێزبوونی كردەی سێكس، بەڵام بۆ لاوازبوونی توانای سێكس، لەڕووی زانستییەوە بە چارەسەر نابینرێت.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ئاڵو هێڵسی" وەرگرتووە كە پسپۆران قسەیان بۆ كردووە، لە ناویاندا برانیسا بانجیرا كە پزیشكی بواری خۆراك و تەناسولییە لە هیندستان ئاماژە دەدات، دروستە كە خورما ناڕاستەوخۆ رۆڵی هەیە لە توانای سێكس، بەڵام بۆ لاوازیی كردەی سێكسی نابێتە چارەسەر، بۆیە لە ڕووی زانستییەوە ناكرێ خورما بە چارەسەری ئەو بوارە ببینرێت.
هەروەها دكتۆر مەجدی نزیە كە راوێژكاری رۆشنبیری و راگەیاندنی خۆراكە لە میسر، باس لەوە دەكات كە پێوەندیی نێوان خورما و چارەسەری لاوازیی توانای سێكس لەڕووی زانستییەوە جێگیر نەكراوە. نەك هەر خورما، بەڵكو هیچ خۆراكێكی تر بۆ ئەو بوارە وەك چارەسەر دەستنیشان نەكراوە.
ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، لاوازیی كردەی سێكس لەلای پیاوان، پێوەندیی بە نەخۆشییەكی تری دیاریكراوەوە هەیە، ئەگەر ئەو نەخۆشییە چارەسەر بكرێت، توانا سێكسییەكە بە سروشتیی خۆی چارەسەر دەبێت، نموونەیان نەخۆشییەكانی درێژخایەنی شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و خەمۆكی و پرۆستات و هەندێك نەخۆشیی تر.
بانجیرا پسپۆرەكەی بواری خۆراك ئەوەش دەڵێت، خورما بەهایەكی خۆراكیی زۆر بەرزی هەیە كە دژە ئۆكسید و ریشاڵ لەخۆ دەگرێت و هاوسەنگیی پاڵەپەستۆی خوێن و هۆرمۆنەكان رادەگرێت، بەڵام نابێتە جێگرەوەی دەرمان بۆ نەخۆشییەكان، بەتایبەتی بۆ لاوازیی كردەی سێكس، واتە ناتوانێ ببێتە جێگرەوەی حەبی ڤیاگرا كە پاڵ بە خوێنەوە دەنێت بۆ چووك.
دواتریش دەڵێت كە دەتوانین بڵێین خورما بۆ تەندروستیی گشتی زۆرباشە و بەتایبەتی بۆ بەهێزكردنی توانای سێكسی، بەڵام نابێتە چارەسەر بۆ بەهێزكردنەوەی لاوازیی توانای سێكس.