قاوە یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی خواردنەوەكان لە دنیا، زۆرێك ئەوەندە ئالوودەی بوونە كە رۆژانە چەند كووپێكی دەخۆنەوە، بە كافایین دەوڵەمەندە و وریاكەرەوەیەكی باشە، چەندان توێژینەوەی زانستی باسی سوودەكانی دەكەن، بەڵام ئاخۆ كاریگەریی لەسەر نەخۆشانی شەكرە چییە؟
ماڵپەڕی
"مایۆ كلینیك"، باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر نەخۆشی شەكرەت هەیە، پێویستە ئەوە بزانیت كە كافایین كار لە شێوازی بەكارهێنانی لەش بۆ ئەنسۆلین دەكات، واتە هەستیاریی لەش بۆ ئەنسۆلین، كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی ئاستی شەكر لە خوێن، سەبارەت بە هەندێك لە نەخۆشانی شەكرە، خواردنی رۆژانەی 200 گرام لە كافایین ئەو گۆڕانكارییە دروست دەكات، بەڵام بۆ هەندێكی تر كار ناكاتە سەر ئاستی شەكرەی خوێنیان.
جیا لەوە رەنگە كافایین دەردانی هەندێك لە هۆرمۆنی رارایی زیاد بكات، وەك ئەدرینالین، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەكرەی خوێن، هەروەها ئەدرینالین رێگری لە خانەكانی لەش دەكات لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و بەوەش رێگری لە چارەسەركردنی شەكر دەكات، لە لایەكی تر هەندێك توێژینەوە باسی ئەوە دەكەن كە خواردنەوەی قاوەی شیریننەكراو، هەستیاری بۆ ئەنسۆلین باشتر دەكات و لەسەر ئاستێكی دوورخایەن مەترسیی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە كەم دەكاتەوە.
ئەوەش مانای وایە كاریگەریی خواردنەوەی قاوە و وەرگرتنی كافایین لە كەسێك بۆ یەكێكی تر جیاوازە، یان دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی كاتیی ئاستی شەكری خوێن و یان هەستیاری بۆ ئەنسۆلین لەسەر ئاستێكی دوورخایەن باشتر دەكات، بۆیە دەبێت نەخۆشانی شەكرە چاودێریی خۆیان بكەن و بزانن لە چۆن كاریان تێ دەكات و خۆیان لە قاوەی شیرینكراو و بە كرێمی كالۆری بەرز بەدوور بگرن.