پسپۆرانی بواری خۆراك ئاشكرای دەكەن، زۆر خووی رۆژانە هەن كە وا دەكەن سوودی تەندروستی لە خواردنەكانتان نەبینن، واتە شێوەی نانخواردن و جۆری خواردنەكە، تێكەڵكردنی هەندێك خۆراك بە یەكتر لە ژەمەكاندا، وا دەكات جەستە سوود لە رەگەزە خۆراكییەكان نەبینێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم سێی شوبات، هەواڵەكەی لە "دێَڵی مێڵ" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە هەڵمژینی ڤیتامینەكان تەنیا پێوەست نابێ بە جۆری خواردنەكان، بەڵكو زۆرجار تێكەڵكردنی خواردنەكان كاریگەریی لەسەر هەڵمژینی ڤیتامینەكان لەلایەن جەستەوە دەبێت یان كەمتر، واتە جەستە لەوكاتەدا كەمتر سوود لە خۆراكەكان وەردەگرێت.
بۆ ئەوەیش پسپۆران نموونە بە خواردنەوەی قاوە یان چای لەگەڵ خواردن دەهێننەوە، كە پێیان وایە چونكە ئەو خواردنەوانە كافاین لەخۆ دەگرن و راستەوخۆ لەگەڵ خواردن بخورێنەوە، وا دەكەن جەستە مادەی ئاسن وەرنەگرێ یان هەڵینەمژێت، بەتایبەتی ئەو خووە لە ژەمی بەیانیان زۆر كەس هەن بەو جۆرە خواردن دەخۆن، بۆیە گرنگە خواردنەوەی قاوە یان چای لەگەڵ خواردن پێكەوە نەخورێن، بەڵكو ماوەیەكی زۆر لە نێوانیان هەبێت.
دووپات لەوە دەكەنەوە بەتایبەتی ئەوانەی رووەكین، ئەگەر بەو جۆرە سیستمی خۆراكییان دەستكاری بكەن، ئەوكات جەستە كەمترین سوود لەو خۆراكانە وەردەگرێت. هەروەها هۆشداریی دەدەن لە تێكەڵكردنی سەوزە گەڵادارەكانی وەك سپێناخ و سڵق، لەگەڵ خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم وەك پەنیر، چونكە ئەو خۆراكانە مادەی ئۆكسالات لە خۆ دەگرن كە ئەویش كێشە بۆ هەڵمژینی كالسیۆم دروست دەكات.
ئاماژە بە سوودەكانی هەندێك خۆراك ئەگەر پێكەوە بخورێن دەدەن و بۆ ئەوەیش نموونە بە سپێناخ لەگەڵ نیسك و لیمۆ دەهێننەوە، ئەوەیش یارمەتیی ڤیتامین "سی" دەدات كە بتوانێ ڤیتامینی ئاسن هەڵبمژێت.
دواتریش پسپۆران ئامۆژگاری دەخەنەڕوو كە زۆر گرنگە بۆ سەوزە و زەڵاتە، چەوریی تەندروست بەكار بێنن وەك زەیتی زەیتوون و ئەڤۆگادۆ كە جەستە ئاسانتر سوودەكانی لە ڤیتامینەكان وەردەگرێت، وەك ڤیتامینەكانی "ئەی و دی و ئی و كەی".