ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیە

:: AM:09:56:04/02/2026 ‌
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجەیە، بەپێی ئاماری نەخۆشخانەكانیش، لە هەرێمی كوردستاندا تووشبوون بە شێرپەنجە زۆر لە خوار ستانداردی جیهانییە.

هەردی جەواد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ماوەی ساڵێك و لە ساڵی 2024دا، لە ‌پارێزگای هەولێر سێ هەزار و 500 كەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوونە كە سەردانی نەخۆشخانە ئەهلی و حكوومییەكانیان كردووە، تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەكەلی لەو ساڵەدا هەزار و 800 دۆسیەی تازە كراونەتەوە، لە ناویاندا هەزار و 100یان تووش بوون و ئەوانی تر نەخۆشیی خوێنیان هەبووە، لەو ژمارەیە 900یان دانیشتووی هەولێرن.

زیاتر گوتی، ساڵانە 50 ملیار دینار لە سندووقی شێرپەنجەوە پشتیوانیی چارەسەری تووشبووان دەكرێت، تووشبووانیش بەنزیكەی 30%یان دانیشتووانی شارەكانی هەرێمی كوردستان و 70%یش دانیشتووانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.

لەبارەی رێژەی تووشبوون گوتی، لە ساڵی 2023دا لە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە پێنج هەزار كەس تووشی شێرپەنجە بوونە، بەڵام لە ساڵی 2024دا بەگشتی سێ هەزار و 500 كەس تووشبوو هەبووە.

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، داتاكانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ترسناك نین.

زیاتر گوتی، نەخۆشیی شێرپەنجە بووە بە دیاردەیەك بەرۆكی هەموو ماڵێكی گرتووە لە جیهان و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش پارێزگای سلێمانی، بۆیە هیوادارین خەڵك خۆی بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا داتاكانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ترسناك نین، بۆیە نامەوێ خەڵك دوودڵ بن و بترسن.

لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی 3310 كەس بە تووشبووی جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجە دەستنیشان كراون، لەو ژمارەیەشدا 201 كەسیان لە تەمەنی منداڵیدان.




وشە - رامیار جەواد