بۆچی پیاوان پێش ژنان تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن؟

:: AM:10:08:04/02/2026 ‌
توێژینەوەیەكی زانستی نوێ پشتڕاستی كردووەتەوە، پیاوان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی زوو، زۆر زیاترە بە بەراورد بە ژنان، جیا لەوەیش ئەوە ڕوون بووەتەوە كە جیاوازییەكی تەندروستیی دیار لە نێوان هەردوو ڕەگەز دروست دەبێ لە دوای گەیشتن بە ناوەڕاستی سییەكانی تەمەن.

توێژینەوەكە لە زانكۆی نۆرس وێسترنی ئەمەریكی ئەنجام دراوە و زانایان دەڵێن، پیاوان پێش ژنان نەخۆشی شاخوێنبەری تاجی لە جەستەیان سەرهەڵدات، بەهۆی كاری قورس و جیاوازیی شێوازی ژیانكردن لە نێوان هەردوو ڕەگەز، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی كە پیاوان لە تەمەنێكی زووتر تووشی جەڵتەی پێشوەختە ببنەوە.

توێژینەوەكە پشتی بە داتا زیاتر لە پێنج هەزار بەشدار لە هەردوو ڕەگەزەكە بەستووە و لە تەمەنی هەرزەكارییەوە ئەو كچ و كوڕانە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، لە ئەنجامەكاندا دەركەتووە ئەگەری تووشبوونی پیاوان بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن تا تەمەنی 50 ساڵی بە ڕێژەی 5% زیاترە، بەڵام بۆ ژنان ئەمە جودایە و ئەوان لە تەمەنی 57 ساڵی ئەو نەخۆشییانە بەرۆكیان دەگرێت، هۆكاری ئەمەیش بۆ شاخوێنبەری تاجی دەگەڕێتەوە، وا دەكات ژنان نزیكەی 10 ساڵ دوای پیاوان ڕووبەڕووی نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتە ببنەوە.

ئەندرۆ فریدمان پسپۆری نەخۆشییەكانی دڵ و بەشدار لەو توێژینەوەیە دەڵێ، هۆكاری زۆربوونی نەخۆشییەكانی دڵ جیا لە جیاوازیی ڕەگەزی، بۆ كەمیی جووڵە و خراپیی خواردن و نیگەرانی و كەمخەوی و هۆكارە ژینگەییەكانیش دەگەڕێتەوە، ئەوەیش وا دەكات خەڵك تووشی نەخۆشییەكانی پێشوەختەی دڵ بن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د