بەشی تەندروستیی پێگەیەكی عەرەبی ئەوە روون دەكاتەوە، لە چ كاتێكدا ئەو زەیتەی بۆ سووركردنەوەی خۆراك بەكار دەهێنرێت، بۆ مادەیەكی ژەهراوی دەگۆڕێت؟ بۆ ئەوەیش جۆری زەیتەكانی دەستنیشان كردووە تا مرۆڤ وریای ئەو بوارە بێت بۆ تەندروستییەكی باشتر.
بەشی تەندروستیی پێگەی "
ئیلاف" كە پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی زەیتی سووركردنەوەی خۆراك قسەیان بۆ كردووە، دووپات دەكەنەوە كە بەشێوەیەكی گشتیی جۆرەكانی زەیتەكان، پێویستە یەك جار خۆراكیان پێ سوور بكرێتەوە، ئەویش بەپێی پلەی گەرمییەكەیان، چونكە ئەگەری زۆرە دواتر بۆ مادەیەكی ژەهراوی بگۆڕێت، بەتایبەتی ئەگەر چەند جارێك خۆراكی پێ سوور بكرێتەوە.
پسپۆران ئاماژە بەوە دەدەن، زەیتەكان بەشێوەیەكی گشتی لە سەرجەم ماڵەكاندا هەن و بۆ خۆراك بەكار دەهێنرێن، بۆ كوڵان كێشەیان نییە، بەڵام بۆ سووركردنەوەی خۆراك پێویستیی بە وریایی هەیە، چونكە ئەگەر پلەی گەرمیی زەیتەكە واتە "داغ" بێت و دووكەڵی لێ دەربچێت، ئەوجا خۆراكی پێ سوور بكرێتەوە، ئەوكات بۆ تەندروستی زیانبەخشە.
دووپات لەوە دەكەنەوە كە كاتێك ئاستی گەرمییەكەی زەیت دەگاتە ئاستی دەركردنی دووكەڵ و ئەوجا خۆراكی پێ سوور بكرێتەوە، ئەوكات بۆ مادەی كیمیایی شی دەبێتەوە، دوای ئەوەی مادەی ئەلدهیدات و بیرۆكسیدات بەرهەم دێنێت، ئەوكات ئەو مادانە دەبنە هۆی دروستبوونی هەوكردن لە جەستە و بەرزبوونەوەی ئۆكسید، دواتریش ئەگەری زۆرە لە درێژمەودادا ببێتە هۆی تووشبوون بە جۆرەكانی شێرپەنجە.
باس لەوەش دەكەن كە جۆرەكانی زەیت لە یەكتر جیاوازن، بۆ نموونە زەیتی زەیتوونی تازە كە نایابی پێ دەگوترێ، تا پلەی 210 ئاساییە سوور بكرێتەوە، بەڵام زەیتی ئەڤۆگادۆ بەرگەی پلەی گەرمیی 250 دەگرێت، لەوە زیاتر مەترسیی هەیە.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك دووپاتی دەكەنەوە، نابێ لە یەك جار زیاتر خۆراك بە زەیت سوور بكرێتەوە، چونكە ئەوكات زەیتەكە بۆ ئۆكسیدی چەوری دەگۆڕێت، لەوكاتەیشدا ئەگەری زۆرە كەسەكە تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و جگەر و شەكرە بكات، بۆیە ئامۆژگاری دەكەن كە نابێ لە یەك جار زیاتر زەیت بۆ سووركردنەوە بەكار بێنن.