قاوە و چا دوو بڵاوترین جۆرەكانی خوادنەوەن لە دنیا، چەندان توێژینەوەیان لەسەر كراوە و دەیان سوودیان بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بە كافایین دەوڵەمەندن كە وریاكەرەوەیەكی بەهێزە، وای لێ هاتووە كەسانێك ئالوودەی خواردنەوەیان بوونە و ناتوانن لێیان دوور بكەونەوە، بەڵام كاریگەری لەسەر پەستانی خوێنی مرۆڤ چۆنە؟
وەك لە ماڵپەڕی
"ساینس ئالیرت"، هاتووە، ئەو كافایینەی لە قاوەدا هەیە وریاكەرەوەیەكی بەهێزە بۆ هەردوو كۆئەندامی دەمار و ماسولكە، بۆیە رەنگە لە هەندێك كەس ببێتە هۆی زیادبوونی تێكڕای لێدانی دڵیان، ئەوەش كێشە بۆ تەندروستی و سیستمی كاركردنی دڵ دروست دەكات، جیا لەوە كافایین هانی دەردانی هۆرمۆنی ئەدرینالین لە لایەن رژێنی سەرووی گورچیلەكان دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی خێرابوونی لێدانی دڵ و تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن، لەو حاڵەتەش پەستانی خوێن بە شێوەیەكی كاتی بەرز دەبێتەوە.
بەپێی توێژینەوەكان، ئاستی كافایین لە خوێن دوای نیو سەعات بۆ دوو سەعات لە خواردنەوەی قاوە دەگاتە ئەوپەڕی، ئەوەش لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر بەپێی تەمەن و هۆكارە بۆماوەییەكان یان ئاخۆ ئەو كەسە لەسەر خواردنەوەی قاوە راهاتووە یان نا دەگۆڕێت، چونكە ئەوانەی بە رێكوپێكی قاوە دەخۆنەوە زووتر لەشیان خۆی لێ رزگار دەكات.
بەپێی توێژینەوەكان، خواردنی كافایین، واتە قاوە و چا، بەرزەپەستان لە سێ بۆ 15 پلە بەرز دەكاتەوە و نزمەپەستانیش لە چوار بۆ 13 پلە بەرز دەكاتەوە لەگەڵ بوونی جیاوازی لە تەندروستی و پەستانی ئەو ئەو كەسە بەر لە خوارنەوەیان، زانست پێی وایە پێویست نییە كەسانی ئاسایی و تووشبووانی بەرزی پەستانی خوێن واز لە خواردنەوەی قاوە یان چا بێنن، بەڵام پێویستە رەچاوی خواردنەوەی بە مامناوەندی بكەن وەك ئەوەی لەشیان بەرگەی دەگرێت، كەسانی ئاسایی تا چوار كووپ بخۆنەوە و ئەوانەشی بەرزیی پەستانی خوێنیان هەیە یەك كووپ و دەبێت راوێژ بە پزیشكی پسپۆر بكەن.